رژێمی سووریا: هێزەکانمان دەچنەوە ناو عەفرین

 رژێمی سووریا: هێزەکانمان دەچنەوە ناو عەفرین
رژێمی سووریا رایدەگەیەنێت، کە سوپا و گرووپە هاوپەیمانەکانی رژێمەکەی دەچنەوە ناو شاری عەفرین لە رۆژائاوای کوردستان.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (سانا)ی سەر بە رژێمی سووریا، هێزەکانی ئەو رژێمە ”لە چەند کاتژمێری داهاتوودا“ دەچنەوە ناو عەفرین.

هەروەها کەناڵی تەلەڤزیۆنیی فەرمیی رژێمی سووریا رایگەیاندووە، کە هێزەکانیان لەسەر داوای بەرپرسانی عەفرین دەچنەوە ناو عەفرین.

هەروەک میدیاکانی سەر بەو رژێمە بڵاویان کردووەتەوە، هێزەکانیان لە عەفرین هاوکاریی یەکینەکانیپاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستا (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن، لە دژی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر شارەکە.

لە رۆژی 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.

پێشتر رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردبووەوە، کە یەپەگە عەفرین رادەستی رژێمی سووریا دەکاتەوە و ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا لەنێوان وڵاتاندا بەم شێوەیە دابەش دەکرێنەوە:

- رژێمی سووریا بە هاوکاریی سوپای رووسیا و رەزامەندیی یەپەگە دەگەڕێتەوە عەفرین.

- هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا بە هاوبەشیی لە ناوچەی منبج بڵاو دەکرێنەوە، بۆ رێگریکردن لە یەپەگە لە پەڕینەوە بۆ رۆژئاوای رووباری فورات.

ئەو هەوڵانەی یەپەگە لەکاتێک دایە، لە دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە مانگی ئاداری 2011، رژێمی سووریا لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کشاوەتەوە و پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پەکەکە دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرتووە.

رژێمی سووریا بە درێژایی داگیرکارییەکەی لە رۆژئاوای کوردستان، گەلی کوردستانی لە هەموو مافە سیاسی، ئابووریی و نەتەوەییەکانی بێبەش کرد بوو و زۆرینەی هاووڵاتییانی کورد لەو بەشەی کوردستان بێبەش کرابوون لە رەگەزنامە و هیچ پەڕاوێکی فەرمی.











باسنيوز
Top