11 کەس لە قوربانیانی ڕووداوی فڕۆکەکەی ئێران کوردن
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوە لەمبارەوە لە کرماشان ڕایگەیاند: "لەناو ئەو 66 هاووڵاتییە ئێرانییەی کە دوێنێ لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەک لە نزیک ئیسفەهان، 11 کەسیان کوردن کە زۆربەیان خاوەن بڕوانامەی دکتۆران و چەند کەسیشیان منداڵ و هاوسەریان لەگەڵ بووە".
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کرد ناسنامە و پیشە و پسۆڕیی ئەو دکتۆرە کوردانە کە خەڵکی پارێزگای کرماشانن بەم چەشنە ڕاگەیاند: "د. کتور شاپوور یاریپور، نەشتەرگەری جوانکاری، د. موژگان نەزەری، پسپۆڕی منداڵان، د. سەید تەها دانشی، پسۆڕی مێشک و دەمار، لەگەڵ بنەماڵەکەی و ناوی کوڕەکەی ئیلیا دانشی، د. عەبدولڕەزا کوردی، دکتورای دەروونناسی لە ئەمریکا، فاتمه داڵوەند خوێندکاری، عەلیڕەزا کەلهوڕ، خوێندکاری پزیشکی و عەلیڕەزا جامعی، خوێندکاری پەرەستاری.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو کەسانە بۆ بەشداری لە سمینارێکی پزیشکی و تەندروستی لە تارانەوە بەرەو شاری یاسووج ڕۆیشتوون.
کاتژمێر 8ی بەربەیانی دوێنێ یەکشەممە 2018/2/18 فڕۆکەیەکی موسافیرهەڵگری تاران بۆ یاسووج لە باشووری پاریزگای ئیسفەهان و لە نزیک شاری سەمیرۆم بە 66 سەرنشینەوە بەر بووەوە سەرجەم نشینەکان گیانیان لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران، لە کاتژمیر 5ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هێزە فریاگوزارییەکان لە گوندەکانی "نەقەل و دنگزلوو"ی سەر بە سەمیرۆم لە بناری شاخی دێنا بەدوای لاشەی فڕۆکە بەربووەکەدا دەگەڕێن.
(باسنیوز)
