بەرپرسێکی باڵای عەفرین: گفتوگۆکانمان لەگەڵ رژێمی سووریا بەردەوامە
هێڤی مستەفا، سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی کانتۆنی عەفرین بە کەناڵی (سکای نیوز)ی راگەیاندووە، تا ئێستا لەگەڵ رژێمی سووریا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، بەڵام گفتوگۆکانی نێوانیان بەردەوامە.
بەپێی زانیارییە میدیاییە بڵاو کراوەکان، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، رەزامەندیی لەسەر گەڕانەوەی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی رژێمی سووریا بۆ عەفرین، نیشان داوە.
پێشتر رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردبووەوە، کە یەپەگە عەفرین رادەستی رژێمی سووریا دەکاتەوە و ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا لەنێوان وڵاتاندا بەم شێوەیە دابەش دەکرێنەوە:
- رژێمی سووریا بە هاوکاریی سوپای رووسیا و رەزامەندیی یەپەگە دەگەڕێتەوە عەفرین.
- هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا بە هاوبەشیی لە ناوچەی منبج بڵاو دەکرێنەوە، بۆ رێگریکردن لە یەپەگە لە پەڕینەوە بۆ رۆژئاوای رووباری فورات.
ئەو هەوڵانەی یەپەگە لەکاتێک دایە، لە دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە مانگی ئاداری 2011، رژێمی سووریا لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کشاوەتەوە و پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پەکەکە دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرتووە.
رژێمی سووریا بە درێژایی داگیرکارییەکەی لە رۆژئاوای کوردستان، گەلی کوردستانی لە هەموو مافە سیاسی، ئابووریی و نەتەوەییەکانی بێبەش کرد بوو و زۆرینەی هاووڵاتییانی کورد لەو بەشەی کوردستان بێبەش کرابوون لە رەگەزنامە و هیچ پەڕاوێکی فەرمی.
باسنيوز
