داعش چەکدارە رفێندراوەکانی حەشدی شەعبی کوشت
شەوی یەکشەممە 18/2/2018، چەکدارانی داعش 27 چەکداری حەشدی شەعبییان لە گوندی سەعدونییە لە شارەدێی ریاز لە شارۆچکەی حەویجە رفاند.
ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی کەوتبوونە ناو بۆسەیەکی داعش و هەموویان دەستگیر کران، بەرپرسانی حەشدی شەعبیش باس لەوە دەکەن، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە نەیانتوانیوە بە فریای ئەو چەکدارانەی خۆیانەوە بچن.
سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 19/2/2018، گرووپەکانی حەشدی شەعبی چوونەتە ناو گوندەکە و تەرمی 20 چەکداری خۆیان دۆزیوەتەوە، کە شەوی رابردوو رفێندرابوون.
تا ئێستا چارەنووسی حەوت چەکدارەکەی دیکەی حەشدی شەعبی دیار نییە.
ئەو رفاندنەی چەکدارانی حەشدی شەعبی لەلایەن داعشەوە لەکاتێک دایە، کە لە رۆژی 10/12/2017 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هێز و میلیشیا عێراقییەکان کۆتاییان بە داعش لە عێراق هێناوە و هەموو ناوچەکانیان رزگار کردووەتەوە.
باسنيوز
