سەرکردەکانی یەکێتی لە بەستنی کۆنگرەی حزبەکەیان بێهیوا دەبن

 سەرکردەکانی یەکێتی لە بەستنی کۆنگرەی حزبەکەیان بێهیوا دەبن
بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بەستنی کۆنگرەی حزبەکەیان بێهیوا بوون و بە دووری دەزانن کۆنگرە ببەسترێت، هاوکات نایشارنەوە کە ئەگەر کۆنگرە نەبەستێ، یەکێتی بەرگەی کێشەکانی ناگرێت.



ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: "سەرکردە و لایەنگرە دڵسۆزەکانی یەکێتی چاوەڕێی نوێبوونەوەی حزبەکەیان دەکەن، نوێبوونەوەش بە کۆنگرە دەکرێت، بۆیە بە پێویستی دەزانین ھەموومان پەلە بکەین لە بەستنی کۆنگرە، بۆ ئەوەی ھەموومان کێشەکانی ناو یەکێتی چارەسەر بکەین".



ئەو بەرپرسەی یەکێتی ڕوونیشی کردەوە: "پێویستە ھیچ کەسێکی دڵسۆزی یەکێتی قەبوڵی نەکات، کار بۆ دواخستنی کۆنگرە بکرێت، چونکە ئەگەر کۆنگرە نەبەستین، ئەوکاتە بەسەر خۆماندا دەشکێتەوە و ناتوانین حزبەکەی ھەڤاڵ مام جەلال بەھێز بکەین".



ئەحمەد قەدەفەری، جەختی لەوەش کردەوە، ھەر دەبێ یەکێتی کۆنگرە ببەستێت، چونکە تەنھا کۆنگرە دەتوانێ کێشەکانی یەکێتیی چارەسەر بکات، بەڵام ئەگەر بە جیدی ھەوڵی بەستنی کۆنگرە نەدرێت، یان پاساوێک بھێنرێتەوە، بۆ ئەوەی یەکێتیی کۆنگرە نەبەستێت، ”بێگومان ئەوکاتە خۆمان زەرەر دەکەین".



ئەم کێشە و ململانێیە ناوخۆییانەی یەکێتی لە کاتێک دایە کە پێشتر باس لەوە دەکرا، یەکێتی لە ڕۆژی 5/3/2018 کۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت کە ئێستا کەمتر لە 15 ڕۆژ بۆ ئەو بەروارە ماوە، بەڵام هێشتا ھیچ ھەنگاوێکی جیدی بۆ بەستنی کۆنگرەی ئەو حزبە نەنراوە.



بەپێی ئەو زانیارییةكان ، یەکێتی بەھۆی کێشە ناوخۆییەکانییەوە، ناتوانێت کۆنگرە ببەستێت، بەڵکوو لەبری کۆنگرە، ئەگەر ھەیە پلینیۆمێک ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی بەشێک لە ناڕەزایەتییەکان کەم بکاتەوە.







باسنيوز
Top