لە ژێر فشاری هەڵسووڕاوانیدا گۆڕان بڕیار لەبارەی سروە عەبدولواحید دەدات
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سروە عەبدولواحید ئەوەی ئاشکرا کرد کە چووەتە پاڵ هاوپەیمانێتییەکەی عەبادی. لە بەرامبەردا ساڵح ژاژڵەیی، جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتیی گۆڕان، ڕاگەیاند، بەشێکی هەڵسووڕاوانی گۆڕان کاندید کردنی سروە عەبدولواحید بە کارێکی خراپ نازانن، چونکە پێیانوایە خۆی بڕوای بەوە ھەیە کە بچێتە پاڵ لیستەکەی عەبادی.
ساڵح ژاژڵەیی نەیشاردەوە کە ئەگەر سروە عەبدولواحید لەنێو بزووتنەوەکەیاندا بمایەتەوە، بۆ کەسایەتیی خۆی باشتر دەبوو. گوتیشی: ”ڕۆشتنی سروە عەبدولواحید بۆ ناو لیستەکەی عەبادی، بۆ کەسایەتیی خۆی باش نییە“. دووپاتیشی کردەوە کە هەرچەندە هیچ بڕیارێکیان لەبارەیەوە نەداوە، بەڵام بە باشیان نەزانیوە سروە عەبدولواحید لەپاڵ عەبادیدا خۆی کاندید بکات.
هەر لەمبارەیەوە هێمن شێخانی، بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لە هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”دەستووری نییە ئەندامێکی تۆ لە لیستێکی دیکە خۆی کاندید بکات، ئەگەر چووبێت، خۆی چووە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە“.
باسیشی لەوە کرد کە جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەکەیان بڕیار لەبارەی دۆسیەکەی سروە عەبدولواحید دەدات، بەڵام ”لەوەناچێ شتێکی لەو شێوەیە قەبوڵ بکرێ. ئەگەر بڕیاری دا بێت دەڕوات، ناتوانین پێش لە هیچ کەسێک بگرین. لێرەوە دەچێتە نێو لیستێکی دیکە، ئەوا خۆی ئازادە. بێگومان لەمەودوا هەرچی بڵێت ڕای بووتنەوەی گۆڕان نییە“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی زانیارییەکان، هەڵسووڕاوانی گۆڕان فشاریان کردووەتە سەر بزووتنەوەکەیان، بۆ ئەوەی هاوشێوەی ڕابوون مەعرووف، سروە عەبدولواحید لەنێو گۆڕاندا دەربکرێت. لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژی یەکشەممە 18/2/2018، سەرداری مەحموی حەمە مراد، کاندیدی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و وریا جاف، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە هۆڵەندا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاشکرایان کرد، ئەگەر گۆڕان بڕیاری دوورخستنەوەی سروە عەبدولواحید نەدات، ئەوان دەست لەکار دەکێشنەوە.
باسنیوز
