فیستیڤاڵێك بۆ منداڵە تووشبووەكان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە زانكۆی نۆڵج بەڕێوەچوو

فیستیڤاڵێك بۆ منداڵە تووشبووەكان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە زانكۆی نۆڵج بەڕێوەچوو

ئا/ خليل بلەیی
بە مەبەستی ڕێزگرتن لە منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە كە ساڵانە ڕۆژێك وەك جەژن بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە دیاری كراوە، زانكۆی نۆلج دووەمین فیستیڤاڵی خۆی بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایان و بەرپرسانی حكوومی و پەرلەمانتاران لە نێو زانكۆكەدا سازكرد.
لەو فیستیڤاڵەدا چەندین جۆری شێرپەنجە خرایە بەر باس و، دەستەی بەڕێوەبەرایەتی زانكۆكەش ئەوەیان ڕوونكردەوە، كە دەبێت ئێمە وەك زانكۆ تەنیا كارمان پەروەردە و فێكردن نەبێت، بەڵكو بەشداربین لە ئازاری ئەو منداڵانەی كە ئێستا بەهۆی ئەو نەخۆشیە سەختەوە دەناڵێنن.
دواتر (تاهیر عەبدوڵا) جێگری پارێزگاری هەولێر لە وتەیەكیدا باسی لە ڕۆڵی بەرچاوی ئەو زانكۆیە كرد، كە كارەكانیان تەنیا لە چوارچێوەیەكی داخراو نیە، هەمیشە هاوكاربوونە لەبەردەم گرفتەكان، جگە لەوانەیش باسی لە ڕۆڵی خانەوادەی (نانەكەلی) كرد، كە لەسەر ئەركی خۆیان دەرمان بۆ ئەو نەخۆشیە درێژخایەن و كوشندەیە دابین دەكەن، كە ئەمەیش جێگەی دڵخۆشییە كە بوونەتە هاوكارێك باش بۆ حكوومەت و ڕزگاركردنی گیانی ئەو كەسانەی كە مەرگ هەڕەشەیان لێدەكات.
پاشان (هادی فازڵ عەباس) سەرۆكی دەستەی ئەمینداریەتی زانكۆی نۆلج لە وتارێكی دا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كاری ئێمە لەو زانكۆیەدا تەنیا پەروەردە و فێكردن نیە، بەڵكو هاوبەشین لە خەم و ئازارەكان، بەتایبەت لە نەخۆشیەكی سەختی وەك شێرپەنجە كە تووشی ئەو منداڵانە هاتووە ئێمە بڕیارماندا لە لایەنی ماددییەوە هاوكاربین و هیوایەكیان پێببەخشینەوە و دەبێت پێیان بڵێین كە ئێوە بەهێزن و دەمانەوێت لە هەڕەشەی مەرگ بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە دووریان بخەینەوە و سوپاس بۆ ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومەت و (ئاواز حەمید)، كە وەك پەرلەمنتارێك لەگەڵ ئێمەدا لەو فیستیڤاڵەدا بەشدارە و خەمی نیشتمان لە كۆڵ دەگرێت.
Top