بەرگری شارستانی چەند ڕێنماییەك بۆ خۆپاراستنی هاووڵاتییان لە زیانەكانی لافاو بڵاو دەكاتەوە
حوسێن عەبدولڵا، گوتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین، ڕایگەیاند: "لەدوای ئامادەكاری و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستی ئێمە و لایەنی پەیوەندیدار، پێویستە هاووڵاتییانیش لە وەرزی زستاندا ئامادەكارییەكی تەواو بۆ هەر ئەگەرێكی باران بارین و ڕووداوی لافاو بكەن".
گوتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین، ئەوەشی خستە روو، كە بۆ ئەوە مەبەستە پێویستە هەموو ماڵێك بۆری ئاوەڕۆی بردنە دەرەوەی ئاوی زۆر و زیاد لە دەرەوەی بینای خانووەكەی دروست كردبێت، یان دروستی بكات بۆ ئەوەی لەكاتی پڕبوونی مەنهۆڵی گەڕەكەكەیدا ئاو نەگەڕێتەوە ناو خانوەكەی، هاوكات ئەو ماڵانەی گەراجی داخراو یا نهۆمێكی خانووەكەیان چاڵە لە ئاستی جادەوە، پێویستە موزەخەی تایبەتی ئاو كێشكردن دابنێت لە ناویدا بەشێوەیەك هەركات ئاو چووە ناویەوە ئۆتۆماتیكی خۆی بكەوێتە كار و نەهێڵێت ئاو لەناو گەراجەكە گل ببێتەوە.
داواشی لە هاووڵاتییان كرد، كە پێویستە ناوە ناوە مەنهۆڵی ناو ماڵ لە زیخ و بەرد قوڕ و پیسی پاكبكرێتەوە، سەرە گونجەكان لە سەربان و حەوشەی ماڵ لاببرێن بۆ ئەوەی ئاو بەڕێژەیەكی زیاتر بڕوات و ئەو ماڵانەشی كە لە گەڕەكی لاوەكی دان و ئاوی شەقامێكی سەرەكی دێتەوە سەری، پێویستە ڕێڕەوی ئاوەكە بگۆڕن بۆجێگەیەكی گونجاوتر.
حوسێن عەبدولڵا، گوتەبێژی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین، گوتیشی: "پێویستە كارەبای ئەو شوێن و ماڵانەی لافاویان لەسەرە بكوژێندرێتەوە بۆ ئەوەی ڕووداوەكە ئاڵۆزتر نەكات، هەروەك ئەو ماڵانەشی خانوەوكانیان قوڕە پێویستە لەكاتی مەترسی لافاودا، بەشێوەیەكی كاتی و تا نەمانی لافاوەكە، ماڵەكانیان جێ بهێڵن".
باسنیوز
