هاووڵاتییان بەهۆی سستیی کۆمسیۆنەوە تۆماری بایۆمەتریی هەڵبژاردن تازە ناکەنەوە

 هاووڵاتییان بەهۆی سستیی کۆمسیۆنەوە تۆماری بایۆمەتریی هەڵبژاردن تازە ناکەنەوە
هاووڵاتییان نیگەرانی بەرامبەر بە سستیی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان و بەڕێکردنی کارەکانیان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تۆماری بایۆمەتریی هەڵبژاردن تازە ناکەنەوە، بەرپرسێکی کۆمسیۆنیش ڕوونکردنەوە دەدات.

ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانەی کە بۆ تازەکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری سەردانی ئەو بنکانەیان کردووە کە کارەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت، ناڕەزاییان دەربڕی و ئاشکرایان کرد کە هەر هاووڵاتییەک لانی کەم کاتژمێرێکی پێویستە تا دەچێتە بەردەم کارمەندی کۆمسیۆن و لەوێشەوە نیو کاتژمێری پێویستە تاوەکوو مامەڵەکانیان بەڕێ دەکرێت. ئەوەشیان بە هۆکارێک بۆ تازەنەکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری لە قەڵەم دا.

لەمبارەیەوە عەلی قادر، بەرێوەبەری گشتیی لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند: "تۆمارکردنی ناوی ھاووڵاتییان بە شێوەی ئەلکترۆنی (بایۆمەتری) لە بنکەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن، چەند ڕێکارێکی ھەیە کە سەرەتا داوای بەڵگەکانی ئەو کەسە دەکرێت و پاشان فۆرمێکی بۆ پڕ دەکەنەوە و ئینجا زانیاریی کەسەکە لە کۆمپیتەر تۆمار دەکرێت و پاشان وێنەی کەسەکە دەگیرێت، ئەمەش چەند خولەکێکی پێویستە، ھۆکارێکی تر کە ھەندێک جار قەرەباڵغی لە بنکەکانی کۆمیسیۆن دروست دەبێت، ئەویش بریتییە لەوەی کە ھاووڵاتییان لەم ماوەیەی دواییدا سەردانی بنکەکان دەکەن بۆ ئەوەی بایۆمەترییان بۆ بکرێت، بەڵام ھەندێک بنکەی دیکەمان ئێستا چۆڵن".

ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن روونیشی کردەوە،ھۆکارێکی دیکەی سستیی مامەڵەکان بۆ ئەوە کەمیی کارەبا دەگەڕێتەوە و گوتی: ”ئەو کۆمپیوتەرەی کە ناوی ھاووڵاتییانی بە شێوەی ئەلکترۆنی تێدا تۆمار دەکرێت، پێویستی بە کارەبایە و ئێستا سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەین، چونکە ھەندێک جار بەھۆی نەبوونی کارەباوە ھاووڵاتییان بە نائومێدییەوە دەگەڕێنەوە و کارەکانیان بۆ تەواو ناکرێت".

هەرچەندە هاووڵاتییان گلەیی ئەوە دەکەن کە کارمەندانی بنکەکان درەنگ دەچنە سەر کارەکانیان، بەڵام عەلی قادر ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت: "کارمەندەکانی ئێمە خۆنەویستانە کارەکانیان دەکەن و لە کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی بەیانی تاوەکو کاتژمێر ٤ی ئێوارە سەرقاڵی تۆمارکردنی ناوی ھاووڵاتییانن بە شێوەی ئەلکترۆنی و تەنانەت ڕۆژانی شەممەی هەموو هەفتەیەک دەوام دەکەن“.











باسنیوز
Top