بەهۆی نەناردنی دەرمان لەلایەن بەغداوە هەفتە خۆنیشاندانێک لە هەولێر بەڕێوە دەچێ
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی دەستەی سەرپەرشتیی خۆپیشاندانەکە ، ئاماژە بەوە دراوە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، نەخۆشەکانی کوردستان خۆنیشاندان دەکەن، بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی خۆیان لە خراپیی رەوشی تەندرووستی و نەبوونی دەرمان و گەمارۆکانی حکوومەتی عێراق لەسەر پێداویستییە مرۆیی و تەندرووستییەکان.
جەختیش لەوە کراوەتەوە کە ئەوان وەک نەخۆش و توشبووانی "شێرپەنجە، تالاسیمیا، نەخۆشە درێژخایەنەکان، ھیموفیلیا، ئۆتیزم، خاوەن پێداویستی تایبەت، کەمئەندامانی سەنگەر، بریندارانی شەڕی دژ بە تیرۆر و..ھتد"، داوا لە ھەموو میدیاکاران دەکەن، لەگەڵیاندا بن لە "ھەفتەی خۆنیشاندانی نەخۆشەکان" بۆ خستنەڕووی داوا و مافەکانیان و گەیاندنی پەیام و دەنگیان بە رای گشتی و مرۆڤایەتی و رێکخراوە جیھانییەکان.
خۆنیشاندانەکان کاتژمێر 10ی بەیانیی ڕۆژانی دووشەممە، سێشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری ھەولێر ئەنجام دەدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چوارچێوەی گەمارۆدان و سزادانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق تەنانەت بەشە دەرمانی پێویستیش بۆ نەخۆشانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە ناکات و بەو هۆیەشەوە تاوەکوو ئێستا چەند حاڵەتێکی مردن لە ئەنجامی نەبوونی داودەرمانی پێویست تۆمار کراوە.
باسنیوز
