بەڕێوەبەری شارەدێی قەیرەوان: حەشدی شەعبی دۆخی ئەمنیی قەیرەوانیان تێك داوە
عەبدولحەمید یوونس، بەڕێوەبەری شارەدێی قەیرەوانی سەر بە شارۆچکەی بەعاج،ڕایگەیاند: "لە شاری مووسڵەوە تاكوو سنووری شنگال، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی 16 بازگەیان داناوە و لەوێشەوە تا بەعاج چەندین بازگەیان داناوە و كاتێك كەسێك لە كەمپی ئاوارەكان گیان لەدەست دەدات، ئیتر بە هەر هۆكارێكەوە بێت، كەسوكارەكەی زۆر زەحمەتی دەكێشن بۆ ئەوەی تەرمەكەی بگەڕێننەوە زێدی خۆیان، چونكە لەو بازگانەی حەشدی شەعبی قەرەباڵغییەكی زۆر دروست دەبێت".
روونیشی كردەوە : "لە هەندێك شوێن بازگەی هاوبەش لە نێوان چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان و حەشدی شەعبی هەیە و جلی پۆلیسی فیدڕاڵی لەبەر دەكەن و هێزگەلێكی زۆر بێ سەروبەرن".
بەڕێوەبەری شارەدێی قەیرەوان، ئەوەشی خستە ڕوو: "حەشدی شەعبی دۆخێكی نالەباری لە سنووری قەیرەوان دروست كردووە، جلی چەكدارەكانیشیان هەمە جۆرە، بۆیە خەڵك ناتوانێت بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵی خۆیان، چونكە دۆخی ئەمنی دەڤەرەكە خراپە".
(باسنیوز)
