لە سنووری سلێمانی شەش كەس بە تۆمەتی ڕاوكردن دەستگیر كران

 لە سنووری سلێمانی شەش كەس بە تۆمەتی ڕاوكردن دەستگیر كران
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، دەستگیركردنی شەش كەسی بە تۆمەتی ڕاوكردن ڕاگەیاند.

لەڕاگەیاندنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی كە ئەمڕۆ یەكشەممە 18/2/2018 بڵاوی كردەوە و تێیدا هاتووە، لە ماوەی 48 كاتژمێری ڕابردوودا هێزەكانی پۆلیسی دارستان توانیویانە شەش تۆمەتبار دەستگیر بكەن و دەست بگرن بەسەر چەند کەل و پەلێكدا.

ڕاگەیاندراوەكە لە زاری عقید هێمن كەمەرخان ئەفەندی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاوی كردوەتەوە و ڕای گەیاندووە: "لە ماوەی 48 كاتژمێری ڕابـردوودا شەش سەرپێچیکار دەستگیر کراون كە لە دەرچوونێکی مەیدانیدا هێزێكی بارەگای بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ هەڵمەتێکی کێوماڵیان بۆ سنووری گوندەکانی (زەید عومەر، ئەستێلی خوارو، دەلوجە و ولیان) ئەنجام دا و لەو دەرچونانەشدا بەسەدان کیلۆمەتریان بڕیوە لە پێدەشت و چیا سەختەکاندا، ئامانجی ئەو کارەش ڕێگریکردن بووە لە سەرپێچیکاران و توانیان ڕاوچییەك دەستگیر بکەن و دوو هاووڵاتیی تر هەڵبێن و بەهۆی سەختی سنوورەکە و بوونی تەم و مژێکی زۆر خۆیان حەشار داوە، بەڵام ناسنامەیان زانراوە و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنیان بەردەوامە".

عقید هێمن كەمەرخان ئەفەندی ئەوەشی ئاشكراشی كرد، هێزێكی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئاغجەلەر شەوی شەممەی ڕابردوو، توانیان پێنج هاووڵاتیی سەرپێچیکار دەستگیر بکەن کە بەمەبەستی ڕاوکردن هاتبوونە سنوورەكەیان و دەست بگرن بەسەر چەند پێداویستی و باڵندەیەکدا.

ڕاشی گەیاند: "لە هەردوو هەڵمەتەکەدا دەست گیراوە بەسەر سێ کەوی زیندوو لەگەڵ پێنج باڵندەی ڕاوکراو، هەروەها شەش لایتی دەستی کە بۆ ڕاوی شەوارە بەکار هاتووە، لەگەڵ تۆڕ و داوی ڕاوکردن، بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی پاشان تۆمەتباران و کەلوپەلە دەست بەسەرداگیراوەکان ڕادەستی دادگا کراون.








باسنیوز
Top