عەبادی بە گومانەوە لە کاندیدکردنی ئاڵا تاڵەبانی و سروە عەبدولواحید دەڕوانێ

 عەبادی بە گومانەوە لە کاندیدکردنی ئاڵا تاڵەبانی و سروە عەبدولواحید دەڕوانێ
سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هاوپەیمانێتییەکەی کە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق پێکیهێناوە، بە گومانەوە لە کاندیدکردنی ئاڵا تاڵەبانی و سروە عەبدولواحید دەڕوانێت و سەرکردەیەکی نزیک لە عەبادیش ئەو گومانە ئاشکرا دەکات.

دوای ئەوەی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە لە هاوپەیمانیی (نەسر)ی سەر بە عەبادیدا لە سنووری پارێزگای بەغدا خۆی کاندید کردووە. هەندێک زانیاریش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاڵا تاڵەبانی بەهۆی ئەوەی لەلایەن یەکێتییەوە کاندید نەکراوە، لە سەر ئاستی پارێزگای بەغدا لەسەر هاوپەیمانێتییەکەی عەبادی خۆی کاندید دەکات.

لەمبارەیەوە عەلی عەلاق، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا کە بە کەسێکی نزیک لە حەیدەر عەبادی ناسراوە ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتیی نەسر لە ئامادەکارییەکانی بۆ ھەڵبژاردنەکانی مانگی ئایار بەردەوامە، لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی دەیانەوێت لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا دەنگ بەدەست بهێنن.

عەلی عەلاق لەبارەی بوونی کاندیدی کورد لە لیستەکەی حەیدەر عەبادیدا نەیشاردەوە کە تاوەکوو ئێستا لەوە دڵنیا نین، کاندیدی کوردیان لەنێو دابێت، بەڵام ڕەتی نەکردەوە.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن، ھەریەکە لە ئاڵا تاڵەبانی و سروە عەبدولواحید لە لیستی نەسر کە عەبادی سەرۆکایەتی دەکات، کاندید کراون، ئەو سەرکردەیەی دەوڵەتی یاسا گوتی: ”ئایا خەڵکی کوردستان دەنگ بەو کەسانە دەدات و پێشوازی لەو کاندیدانە دەکات؟“.

پێشتر مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان کە چەند ڕۆژێکە دەستی لەکار کێشاوەتەوە، ئاشکرای کردبوو کە لەلایەن هاوپەیمانێتییەکەی عەبادییەوە داوای لێکراوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کاندید بکرێت، بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە.

بڕیارە لە 12ی ئایاری ئەمساڵدا، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت و لیست و هاوپەیمانییەکانیش کاندیدانی خۆیان پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە.













(باسنیوز)
Top