ئەمڕۆ 17مین ساڵوەگەڕی تیرۆرکردنی شەهید فەرەنسۆ هەریرییە
فەرنسۆ هەریری لە ساڵی 1937 شارەدێی هەریری سەر بە شارۆچکەی شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر لە دایک بووە. لە ساڵی 1961ـوەوە چووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگە.
شەهید فەرەنسۆ هەریری، کە هاووڵاتییەکی مەسیحیی کوردستان بوو، نموونەیەکی هەرە زیندووی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی سەرجەم ئایین و نەتەوەکانی کوردستان بوو. ئەو بەهۆی قارەمانێتیی خۆی، بووە یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی رزگاریخوازی کوردستان.
هەریری بەهۆی دڵسۆزیی بۆ خاک و گەلی کوردستان، هەرزوو بووەتە خۆشەویستی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی شۆڕشی رزگاریخوازی ئەیلوول، کە مستەفا بارزانی، باوکی سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتی دەکرد و بارزانی باوک وەک کەسێکی نزیکی خۆی سەیری دەکرد.
بەهۆی ئەوەی لە تەمەنی لاوێتییەوە چووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگە، فەوزی هەریریی کوڕە گەورەی خۆی تا تەمەنی 34 ساڵی نەبینیوە، پێشتر فەوزی بە (باسنیوز)ی راگەیاندبوو، کە "من لە نەوەدەکاندا توانیم باوکم بناسم و ببمە ھاوڕێیەکی نزیکی".
فەرەنسۆ هەریری جێدەستی لە خەباتی شاخ و شاری گەلی کوردستان دیارە، دوایین پلەی حزبی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بوو و یەکێک بوو لە سەرکردە هەرە نزیکەکان لە سەرۆک بارزانی.
فەرەنسۆ هەریری، کە لە ساڵی 1996 تا 2000 پارێزگاری هەولێر بوو، سەرەڕای ئابڵووقەی ئابووری لەسەر هەرێمی کوردستان، بە داراییەکی کەم و خەباتێکی بێ وچان، چەندین پرۆژەی گەورەی (بۆ ئەو کات) لە هەولێر ئەنجام دا، کە گرنگترینیان بونیاتنانەوە و گەورەکردنی یاریگای یانەی وەرزشی هەولێر و دروستکردنی کۆشکی هونەر لە هەولێر بوون و دوای شەهیدبوونیشی، وەک رێزێک بۆی، یاریگای یانەکە بە ناوی شەهید فەرەنسۆ هەریری کرا.
هەروەک فەوزی هەریری رایگەیاندبوو، فەرەنسۆ هەریری دوای شەهیدبوونی، تەنانەت خانووێکیشی بۆ خێزانەکەی لە پاش خۆی بەجێ نەهێشت، هەروەک خەڵکی ئاسایی دەژیا، "ئێمە وەک بنەماڵەی شەھید فەرەنسۆ ھەریری جگە لە چاکەکان و خەبات و تێکۆشانەکەی باوکمان، ھیچمان بەمیرات بۆ نەماوەتەوە".
رۆژی 18ـی شوباتی 2001، ژمارەیەک چەکداری تیرۆریست لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر، فەرەنسۆ هەریرییان کردە ئامانجی کردەوە چەپەڵەکانیان و شەهیدیان کرد.
