"بۆ پەرەپێدانی بازرگانیی نێوان ھەرێم و ئێران کۆنفرانسێکی بازرگانی ئەنجام دەدرێت"
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی ئێرانی کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان ھەردوولا، لەوکاتەوە پێوەندییەکان ئاسایی بوونەتەوە و دەروازە سنوورییەکانیش کراونەتەوە و باسیش لەوە کراوە پەرە بە پێوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ھەردوولا دەدرێت .
لەم بارەیەوە بەڕێوبەری گشتیی پێوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و ئێران، عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی عێراق بڕیاری داخستنی مەرزە نافەرمییەکان داوە، بەڵام بۆ ئەوەی کەلوپەلی خەڵک لەو سنوورانە ماوە، مۆڵەتێکی پێ داون تا وەختێک بۆ ئەوەی کەلوپەلەکانی خۆیان ببەن و دواتر دابخرێن، ئەمەش بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانە و ئێمەش ھیچ تێبینیمان لەسەری نییە."
لەبارەی بەفەرمیکردنی ئەو دەروازە سنووریانەوە، عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێران بڕیاریان داوە پەرە بەئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان بدەن، یەکێک لەوانە بەفەرمیکردنی ئەو دەروازە سنووریانەیە، بەڵام ئەمە پێویستی بە کات و ڕەزامەندیی ھەردوو حکوومەتی عێراق و ئێران ھەیە و ئیدارەی بۆ دانرێت و پێداویستیی بۆ دابین بکرێت، بۆیە ئەمەش کاتی پێویستە و ئێمەش پشتگیری لەو ھەنگاوە دەکەین، چونکە بە گرتنی ئەو مەرزانە خەڵکێکی زۆر بێکار دەبێت."
بەڕێوبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و ئێران گوتی: "لە دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئێران و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان بڕیار درا کە پەرە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەردوولا بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەوڵی بەردەوام ھەیە و لەسەر سنوورەکان ھاوکاریی زیاتر دەکرێت و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێن و چەند شاندێکی ھەرێم سەردانی ئێران بکەن، لەوانە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا شاندێکی ھەرێم لە پارێزگای ھەولێر بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری ھەولێر سەردانی ئێران دەکەن لەبارەی ئەوەی مەرزی حاجی ئۆمەران ئەکتیڤتر بکرێت."
عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی: "جگە لەمە، بڕیارە کۆنفرانسێکی بازرگانی ئەنجام بدرێت و تێیدا بانگھێشتی ژووری بازرگانیی ئێران و ھەرێم و پارێزگاکان بکرێت و کار بکرێت بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بگەیەندرێتە ئاستێکی زۆر باشتر."
سێ مەرزی فەرمیی بە ناوەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران و پەروێزخان لە نێوان ھەرێم و ئێراندا ھەیە و شەش مەرزی نافەرمییش هەن، کە بڕیارە بەفەرمی بکرێن.
kdp-
