نەوزاد هادی: ئەو پارەیەی لە کوێت بۆ عێراق کۆکرایەوە ناخرێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە
پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی لەم چاوپێکەوتنەدا تیشک دەخاتە سەر بەرنامەکانی سێ ڕۆژەی کۆنگرەی ئاوادانکردنەوەی عێراق، کە لە وڵاتی کوێت و بە بەشداریی زیاتر لە ٧٩ وڵات و چەندین کۆمپانیای جیا جیای وڵاتان و کۆمپانیاکانی کوردستانیش بەڕێوە چوو، شاندی هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی فەرمی تێیدا بەشدار بوو.
پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بە سێ بەشی کۆنفرانسەکە دا، وەکو ئاوەدانکردنەوە، وەبەرهێنان، پەرە دان بە پێکەوەژیان لە عێراقدا، کە دەرەنجامی ئەو شەڕ و گرژییانەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو ڕوویان داوە، بۆ نەبوونی پێکەوەژیان دەگەڕێتەوە، گوتیشی: "ئەو کۆنگرەیە مەبەستییەتی لە ڕێی ئەو هاوکاری و قەرزانە و ناردنی کۆمپانیاکانی وڵاتان بۆ عێراق ببێتە هۆکارێک بۆ پێکەوەژیانی نەتەوە و مەزهەبە جیاوەزەکان لە عێراقدا، تاوەکو کێشەکان بەردەوام نەبن و تیرۆریستانیش وەک پێشتر نەتوانن سوود لە کەلێنە ناوخۆییەکانی وڵات وەربگرن، وەک قاعیدە و داعش، لەسەر ئەو بنەمایەش کۆنفرانسەکە ڕێچکەی گرتبوو".
جیا لەو وڵاتانەی کە تێیدا بەشدار بوون و ئەو ٣٠ ملیار دۆلارەی کە وەک قەرز، یان وەبەرهێنان بۆ عێراق تەرخان کرا، نەوزاد هادی دەڵێ: "ڕێکخراوەکانیش، وەک مانگی سووری نێودەوڵەتی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشدار بوون، کە خۆیان دەستیان لە ئاوەدانکردنەوەدا هەبێت، هێمایشی بۆ ئەوە کرد، هەر کۆمپانیا و ڕێکخراوێک، خۆی ئەو شار و شارۆچکانە دەستنیشان دەکات، کە وەبەرهێنان، یان کاری ئاوەدانکردنەوەی تێدا دەکات."
کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداش پرسێکی سەرەکیی کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق بووە، وەک پارێزگاری هەولێر هێمای بۆ هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەنلاند و هیند و یەکێتیی ئەورووپا و یوئێن کرد، داکۆکییان لە چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکردەوە، گوتیشی: "هەرێم وەک وەزارەتی پلاندانان و بەغداش بە یەک پاکێج لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوو".
میکانیزمێک بۆ خەرجکردنی ئەو ٣٠ ملیار دۆلارە دادەنرێت
پارێزگاری هەولێر، لەمەڕ چۆنییەتیی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەی بۆ عێراق تەرخان کراوە ڕوونکردنەوەی دا، دواتر میکانیزمێکی تایبەتی بۆ دادەنرێت، وەکو لە بواری وەبەرهێناندا، وەبەرهێن، خۆی بڕیار دەدات، کە چ پڕۆژەیەک بە باش دەزانێت، ئەنجامی دەدات، ئەو پارەیەشی کە وەک قەرزە بۆ پڕۆژەکان لە لایەن ئەو وڵاتانەی کە دراوە، خۆیشیان بەشدار دەبن و هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژانەدا دەبێت، ئەو میزانییەش ناخرێتە ناو خەزێنەی دەوڵەتەوە، تاوەکو ناوەند تەحەکوومی پێوە بکات، بەڵکو دەخرێتە سندووقێکی تایبەتەوە، هاوکات میکانزمێکی تایبەتیش بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دادەنرێت، ئەویش بە تەنسیق.
کۆمپانیاکانی کوردستانیش بەشدار دەبن
نەوزاد هادی تیشکی خستە سەر بوونی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان، کە لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بوون، هاوکات بەشداریش دەبن لە بەرنامەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان لە عێراقدا و ئاماژەیشی بە بەشداربوونی وەبەرهێن، ئەحمەد ئیسماعیل و چەندین وەبەرهێنی تری بەشدار بووی کۆنفرانسەکە کرد، کە تەنانەت وتاریشیان هەبووە، بێگومان بەشدار دەبن، ئەو ژینگەی کە دروست دەبێت، بۆ هەموو لایەنێکە، کە وەبەرهێنەرەکان کوێیان پێ باش بێت، لەو شوێنە کاری خۆیان دەکەن.
عەبادی بە تەمای ئەو بڕە پارە زۆرە بووە
چەند بەرپرسێکی عێراقی ڕایانگەیاند، کەوا ئەو بڕە پارەیەی دیاریکراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق کەمە و تەسەوری نزیکەی هەشتا ملیاریان کردووە، بەڵام پارێزگارەکەی هەولێر، بە پێچەوانەوە گوتی: "لە کۆتا ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: چاوەڕێی ئەو مەبلەغە زۆرەمان دەکرد، کە هاوکاری بکرێین".
مەکگۆرگ خۆشحاڵ بووە بە بینی هەردوو پارێزگاری هەولێر و سلێمانی
وەک نەوزاد هادی هێمای بۆ کرد، هەمیشە لە کۆنفرانسەکاندا، چاوپێکەوتن و یەکتربینین لە نێوان بەشداربوواندا دروست دەبێت، سەبارەت بە بینینی مەکگۆرگیش لە لایەن هەردوو پارێزگاری هەولێر و سلێمانییەوە و گفتوگۆکانی نێوانیان، گوتی: "مەکگۆرگ خۆشحاڵ بوو، کە ئێمەی پێکەوە بینی، تیشکی خستە سەر یەکڕیزیی کورد، چونکە خواستیان بەهێزی و یەکڕیزیی هەرێمی کوردستانە، باسی ڕۆڵ و ئازایەتیی پێشمەرگەی کوردستان کرد." ناوبراو ئەو دڵخۆشییەی مەکگۆرگیشی بە پەیامێک ناو برد، کەوا هەرێمی کوردستان چەندە یەکڕیز بن، ئەوەندە زیاتر دەستی دۆستانمان کراوەتر دەبێت بۆ هاوکاریمان.
لای خۆیشیەوە نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش برێت مەکگۆرک لە میانی دیداریدا لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان کە بەشداربوون لە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێتدا لە تویتێکیدا دیدار و بینینی شاندی کوردستانی بە گەورە و زۆرباش ناوزەند کرد کە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی و پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر و وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د.عەلی سندی ئەنجامی داوە.
برێت مەکگۆرک هەروەها لە تویتەکەدا نووسیویەتی کە ئەمەریکا پشتگیری لە حکوومەتێکی بەهێزی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتوو و یەکگرتوو لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و فیدراڵدا دەکات.
kdp-
