سەرۆک بارزانی: قوتابیان و لاوان لە ھەموو قۆناغێکی خەباتدا جێدەستیان دیار بووە

 سەرۆک بارزانی: قوتابیان و لاوان لە ھەموو قۆناغێکی خەباتدا جێدەستیان دیار بووە
ئەمڕۆ شەممە 17/2/2018، سەرۆک بارزانی، لە پەیامێکیدا، بە بۆنەی یادی 65 ساڵەی دامەزراندنیان، پرۆزبایی لە ھەردوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی کوردستان، کرد.

سەرۆک بارزانی، لە پەیامەکەیدا، ئاماژەی بەوە داوە: "قوتابیان و لاوانی کوردستان، لە ھەموو قۆناغێکی خەباتی گەلەکەماندا ئەرک و جێدەستیان دیار بووە و شوێنی پێگەیاندن و پەروەردەی کوردایەتی، نیشتیمانپەروەری و چاونەترسی بوونە و لەو ڕێگەیەدا قوربانیان داوە".


دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:


بە ناوی خودای بەخشندە و میھرەبان


بە بۆنەی یادی 65 ساڵەی دامەزراندنی ھەر دوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی کوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ھەردوو سکرتاریەتی قوتابیان و لاوان و ھەموو قوتابی و لاوانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

قوتابیان و لاوانی کوردستان لە ھەموو قۆناغێکی خەباتی گەلەکەماندا ئەرک و جێدەستیان دیار بووە، شوێنی پێگەیاندن و پەروەردەی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و چاونەترسی بوونە و لەو ڕێگەیەدا قوربانیان داوە، ئێستاش کە گەلەکەمان لە قۆناغی بەرخودان و چەسپاندنی مافەکان و تێپەڕاندنی کۆسپ و تەحەدیاتەکاندایە، ئەرکی قوتابی و لاوان لە ھەموو کاتێک ھەستیارتر و قورسترە.

پێویستە قوتابیان و لاوان، لە جاران زیاتر شوێنکەوتووی بەھا بەرزەکانی خەبات و کوردایەتی بن و لە ھەڕەشە و تەحەدییاتەکان نائومێد نەبن، گەلەکەمان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان خۆڕاگرانە قوربانیان داوە، لەبەرانبەر دیکتاتۆریدا وەستاونەتەوە و تیرۆر و ھزری توندڕۆییشیان تێکشکاندووە، ھەروەھا بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە داوای مافی ڕەوای خۆیان کردووە و لە ھەموو قۆناغەکاندا بە ئیرادەیەکی بەھێز و پۆڵایین بەردەوام بوونە.

ئەمە کارنامەی پڕ لە شانازی و درەوشاوەی گەلی کوردستانە لە خەباتی ڕەوای خۆیدا کە پێویستە قوتابیان و لاوانی خۆشەویست بە ئیرادەیەکی بەرز درێژەپێدەری بن و دەوڵەمەندی بکەن.

جارێکی تر پیرۆزبایی ئەو بۆنەیەتان لێ دەکەم و ھیوای خۆشی و سەرفیرازیتان بۆ دەخوازم.



مەسعود بارزانی
17/2/2018













باسنيوز
Top