مەسروور بارزانی : ڕەوشی ئەمنیی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان زۆر خراپە
لە پەراوێزی کۆنگرەی ئاسایشی جیهان - میونشن، مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تایبەت ڕایگەیاند: ”بەشداریی ئێمە لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی لەم شێوەیە بەو مانایەیە کە هەرێمی کوردستان چەندە گرنگی لە پرسی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هەیە، بە تایبەتی ئاسایشی ناوچەی ئێمە، ئێستا جێگەی ڕووداوە گەرمەکانە“. ڕوونیشی کردەوە: ”بەشداریی ئێمە و دەربڕینی بۆچوون و گوێگرتنمان لە بۆچوونەکان و نزیکبوون و ڕێکخستنی کاری هاوبەشی ئاسایش، هەمووی گرنگن، ئەوەی پێویستە بکرێت و هەماهەنگیی دەزگا ئەمنییەکان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بێنە گرێدان“.
لەبارەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی عێراق، مەسروور بارزانی ئاشکرای کرد: ”ئەو ناوچانەی کە داگیرکران لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر، باری ئاسایشی ئەو ناوچانە زۆر خراپ بووە. ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشتر ئەو ناوچانەی دەپاراست، ئێستا لە دەست هەرێمی کوردستان نەماوە، حکوومەتی عێراق بەرپرسیارە لە هەر شتێک کە لەو ناوچانەدا ڕوودەدات“.
لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، مەسروور بارزانی ئاشکرا کرد: ”بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وەک فڕۆکەخانە و بابەتەکانی مووچەی چەند وەزارەتێک کە حکوومەت گفتوگۆی لەبارەوە کردووە، پێشکەوتن هەیە و هەندێک بەڵێن هەیە، بەڵام تاوەکوو جێبەجێ نەکرێن، مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێک لەبارەی ئەو بەڵێنانەوە بڵێت“.
(باسنیوز)
