هۆکاری کاندیدنەکردنەوەی ئاڵا تاڵەبانی و شوان داودی ئاشکرا دەبێت

 هۆکاری کاندیدنەکردنەوەی ئاڵا تاڵەبانی و شوان داودی ئاشکرا دەبێت
سەرچاوەک ئەوە ئاشکرا دەکات کە مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھۆکار بووە بۆ ئەوەی ئاڵا تاڵەبانی و شوان داودی، بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاندید نەکرێنەوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: "کاتێک کە یەکێتی لە کەرکووک سەرقاڵی دانانی ناوی کاندیدەکانی بوو، ئەو کاتە تەنیا بڕوانامەی بەکالۆریۆس کرابووە مەرج بۆ خۆ کاندیدکردن، بەڵام پاشان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو مەرجەی لادا".

ئەو سەرچاوەیە، جەختی لەوەش کردەوە کە بەشێک لە بەرپرسانی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە قەبوڵ ناکەن ئاڵا تاڵەبانی و شوان داودی، خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق کاندید بکەن، چونکە ”پێیانوابووە ئەوانە مایەی شەرمەزارین و ئەو کەسانە رووخسارێکی ناشرینی کەرکووکییەکان بوونە لە بەغدا“.

ئاشکراشی کرد کە بەو هۆکارەوە مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی رازی نەبوون ئەو کەسانە خۆیان کاندید بکەنەوە.

ئاڵا تاڵەبانی و شوان داودی، دوو پەرلەمانتاری ئێستای فراکسیۆنی یەکێتین لە پەرلەمانی عێراق کە بە لایەنگریکردنی ئاشکرایان بۆ یەکپارچەیی عێراق و دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان و ویستی سەربەخۆخوازانەی خەڵکەکەی ناسراون و لە دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەردا هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتی بەغدایان لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە داوە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 15/2/2018، دوا وادەبوو بۆ لایەنە سیاسییەکان کm ناوی کاندیدەکانیان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بکەن.











باسنیوز
Top