بەهۆی ناڕازیبوونی سەرکردەکانی کۆمەڵ عەلی باپیر هێنانی ژنی چوارەم دوادەخات

 بەهۆی ناڕازیبوونی سەرکردەکانی کۆمەڵ عەلی باپیر هێنانی ژنی چوارەم دوادەخات
ماوەی زیاتر لە شەش مانگە، عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، لە سەروبەندی هێنانی ژنی چوارەمی دایە، بەڵام ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لەم کارە ناڕازین و بەو هۆیەوە عەلی باپیر پرۆسەکەی دواخستووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی باڵاوە دەست کەوتوون، عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، بابەتی ژنھێنانی چوارەمی لای ئەنجومەنی سیاسیی حزبەکەی باس کردووە، بەڵام چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی، فشارێکی زۆریان بۆ عەلی باپیر ھێناوە، تاوەکوو پرۆسەی ژنھێنانەکەی بۆ کاتێکی نادیار دوا بخات.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرا کرد، عەلی باپیر چووەتە داوای کچێکی تەمەن 32 ساڵ و کچەکەش ڕازی بووە ھاوسەرگیری لەگەڵ ئەمیری کۆمەڵدا بکات، بەڵام چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە داوایان لە عەلی باپیر کردووە< لەم دۆخەی ئێستادا پرۆسەی ھاوسەرگیری نەکات، چونکە بارودۆخی ئابووریی خەڵکی باش نییە و ئەگەر ژنی چوارەم بھێنێت، ئەوکاتە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر دەبێتەوە و ئەگەریش زۆرە کاریگەریی بەرچاو بکاتە سەر دەنگەکانی حزبەکە.

لەمبارەیەوە پێشتر قومریە شێخ محەمەد بەرزنجی، ئەندامی سەرکردایەتی و سکرتێری ڕێکخراوی خوشکانی کۆمەڵی ئیسلامی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێمە لە خوشکانی کۆمەڵی ئیسلامی، بەلامانەوە ئاساییە کە مامۆستا عەلی باپیر ژنێکی دیکە بھێنێت، چونکە ئەوە بابەتێکی تایبەتە و پەیوەندی بە ژیانی خۆیەوە ھەیە“. گوتیشی: ” ئەگەر ماموستا عەلی باپیر ژنی چوارەم بھێنێت، ئەوا ھیچ تاوانێکی نەکردووە، چونکە ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێگەی بەوە داوە کە ھەموو کەسێک بە شێوەی شەرعی ئیسلام تا چوار ژن بھێنێت، بەڵام دەبێ مامۆستا عەلی باپیر، ڕەچاوی ئەو خاڵانە بکات کە ئایینی ئیسلام بۆ ھێنانی ژنی دووەم و سێیەم دایناوە“.

ئەو خوشکەی کۆمەڵ نەیشاردەوە کە عەلی باپیر، ”کەسێکی شەرعزانە“ و گوتی: ”پرۆسەی ھاوسەرگیری زیاد لە پێویست باشترە وەک لە (زینا)، بۆیە ژنھێنانی مامۆستا عەلی باپیر کارێکی شەرعییە".

سکرتێری خوشکانی کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر مامۆستا عەلی باپیر، ھاوسەرگیری ئەنجام دا، پێشنیاری ئەوە دەکەین، کە مافی ژنەکانی دیکەی پێشێل نەکات و جیاوازی لە نێوان ھیچ یەکێک لە ژنەکانی نەکات، ھەروەھا نموونەیەکی جوان پێشکەشی ھاوسەرەکانی بکات، چونکە ئێمە وەک ڕێکخراوی کۆمەڵ خۆمان بە داکۆکیکار لە مافی ئافرەتان دەزانین".

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان، فرەژنی سنووردار کراوە و پیاوان تەنیا لە چەند حاڵەتێکی زۆر سنوورداردا دەتوانن ژنی دووەم بهێنن، بۆ ژنی سێیەم و چوارەمیش مەرجەکان یەکجار زۆرتر و قورستر دەبن.








باسنیوز
Top