پارتی لە خورماتووش هاوشێوەی كەركووك بایكۆتی هەڵبژاردنی كرد

 پارتی لە خورماتووش هاوشێوەی كەركووك بایكۆتی هەڵبژاردنی كرد
بەهۆی داگیركردنی خورماتوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە خورماتوو بایكۆتی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان كرد.



بەپێی زانیارییەكان لایەنە كوردستانییەكانی تریش هاوپەیمانیان لەناو خۆیاندا پێكنەهێناوە، بەڵام هەر لایەنێكیان لەگەڵ لیستێكی عێراقی بە كاندیدێك بەشدار بوونە.



هاوكات (باسنیوز) زانیویەتی كە یەكێتیی لە خورماتوو تاكە كاندێدێكی هەیە و لەگەڵ لیستی (قەڵای جەماهیری) سەر بە ئەحمەد عەبدوڵا جبووری پارێزگاری سەڵاحەدین هاوپەیمانی كردووە و لیستی نیشتمانی، گۆران و كۆمەڵ و هاوپەیمانی، بە تاكە كاندیدێك هاوپەیمانیان لەگەڵ لایەنێكی دیكەی عێراقی كردووە و حزبی شیوعیش لەگەڵ لیستی (تەزامن) كە لیستێكی عەرەبییە هاوپەیمانی كردووە.



چاودێران پێیان وایە، بەهۆی ئاواربوونی كوردانی خورماتوو، ئەستەمە بتوانرێت دەنگ بە نوێنەری شارەكەیان بدەن و هاوكات بەهۆی پێكنەهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، هەر لایەنێكیان و لەگەڵ لایەنێكی عێراقی هاوپەیمانی كردووە، ئەستەمە كورد بتوانێت ببێتە خاوەنی كورسییەكی پەرلەمانی عێراق.



پێشتر ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خورماتوو، بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو: "ئێمە بەهۆی داگیركردنی شارەكەمان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، بایكۆتی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەو شارە دەكەین".



خورماتوو لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە لە كورد و عەرەب و توركمانی شیعە و سوننە پێكدێت و لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، بە ڕێككەوتن گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتیی خورماتوویان ڕادەستی حەشدی شەعبی كرد.



خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی، ڕاگەیاندبوو: "لە کەرکووک بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناکەین، چونکە پارتی داوای لە لایەنە سیاسییەکانی دیکە کرد بەیەک لیست بەشدار بن، بەڵام ئەو یەک لیستییە دروست نەبوو".







باسنیوز

رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 15/2/2018، دوایین رۆژی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانی لایەنەكان بوو، بە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق.

بڕیارە لە 12ی ئایاری ساڵی 2018، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت.
Top