ڕۆژنامەنووسێکی کورد وێنەی منداڵانی عەفرین بە سەرۆکوەزیرانی تورکیا نیشان دەدا
ڕۆژی پێنجشەممە 15/2/2018، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بۆ ھەریەکە لە ئەنجیلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەڕێوە چوو.
لەمیانەی پرێس کۆنفرانسەدا، ئارمانج عەگید نێروەیی، ڕۆژنامەنووسی کورد کە لە ئەڵمانیا و ئێستا وەک ڕۆژنامەنووسێکی فریلانس کارەکانی ئەنجام دەدات، چەند وێنەیەکی ئەو منداڵانەی عەفرینی نیشانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا دا کە بە ھۆی بۆردومانی فڕۆکە و هێزەکانی سەر بە تورکیاوە بوونەتە قوربانی.
لەو کاتەی کە ڕۆژنامەنووسە کوردەکە سەرقاڵی نیشاندانی وێنەی منداڵانی قوربانیی ئۆپەراسیۆنی عەفرینە، یڵدرم بە پێکەنینەوە دەڵی " ئەو برادەرە سەرقاڵە"، دواتر ڕۆژنامەنووسە کوردەکە بەردەوام دەبێت لە نیشاندانی وێنەکان و بەو هۆیەوە یڵدرم تووڕە دەبێ و پێی دەڵێ: "پڕوپاگەندە مەکە، ئەو وێنانە ھی شوێنی دیکەن، ئەگەر دەتەوێ بزانی لە عەفرین چی دەگوزەرێ، وەرە سەردانی بکە". دواتر پاسەوانەکانی ھۆڵەکە وێنەکان لە ڕۆژنامەنووسە کوردەکە وەردەگرن.
باسنيوز
