کۆنگرەی ئاسایشی جیھان لە میونشن بەڕێوە دەچێت
بڕیارە رۆژی ھەینی ١٦/٢/٢٠١٨ کۆنگرەی ئاسایشی جیھانی لە میونش بە بەشداریی ٢٠ سەرۆک وڵات، ٤٠ وەزیری بەرگریی وڵاتان، ٤٠ وەزیری دارایی و ژمارەیەک سەرکردەی ناسراوی جیھان، دەست پێ بکات و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت.
لە کۆنگرەکەدا، کە حکوومەتی ئەڵمانیا چوار ھەزار کارمەندی ئاسایش و پۆلیسی بۆ پاراستنی کۆنگرەکە و بەشداربووەکانی تەرخان کردووە، ئەو سەرکردە باڵایانەی جیھان تاوتوێی چۆنێتیی رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە ئاسایشییەکان و شەڕی دژی تیرۆری جیھانی، دەکەن.
بۆ ئەمساڵ، مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بە بانگھێشتێکی فەرمی، بەشداریی کۆنگرەکە دەکات و لە پەراوێزی کۆنگرەکەشدا، لەگەل گەورە بەرپرسان و سەرکردەکانی جیھان، کۆ دەبێتەوە.
ھەروەک لە ماڵپەڕی فەرمیی کۆنگرەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، تەوەرە سەرەکییەکانی خولی ٥٤ـی کۆنگرەی ئاسایشی جیھان، پرسەکانی پەیوەندیی نێوان رووسیا و ئەمریکا، چەکی ناوەکیی کۆریای باکوور و کێشە و ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.
لە دوو خولی دوو ساڵی رابردووی کۆنگرەکەدا، سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداریی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای جیھان کۆ بووەتەوە.
بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکەدا بۆ رۆڵی کاریگەری ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی ئاسایشی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر بە تایبەت شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەگەڕێتەوە.
کۆنگرەی ئاسایشی جیھانی و سیاسەتەکانی بەرگری، ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی شوبات بە بەشداریی فەرماندە سەربازییەکان و سەرۆکە کاریگەرەکانی جیھان لە شاری میونشنی پایتەختی ھەرێمی باڤاریا لە باشووری ئەڵمانیا، بەڕێوە دەچێت.
ئەو کۆنگرە ئاسایشییەی جیھان لە ساڵی ١٩٦٤ـەوە دەستی پێ کردووە و خولی ئەمساڵی خولی ژمارە ٥٤ـە.
باسنيوز
