بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر وردەکاریی شەڕەکەی پێش قەڵای هەولێر ئاشکرا دەکات
رۆژی پێنجشەممە ١٥/٢/٢٠١٨، لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر بە (کوردستان ٢٤)ی راگەیاند، ئەو رووداوەی رووی داوە ھیچ پەیوەندییەکی بە بابەتە سیاسییەکانەوە نەبوو، بەڵکو بابەتێکی کۆمەڵایەتی.
عەبدولخالق تەڵعەت، ھۆکاری رووداوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کە دوو گەنجی عەرەبی خەڵکی بەسرە بەبۆنەی رۆژی ڤالانتاینەوە لە کچێک نزیک بوونەتەوە و کێشە لە نێوانیان رووی داوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر جەختی لەوە کردەوە، کە پۆلیس ئەو کەسانەی بردووەتە بنکە و دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە تەنیا کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی بووە و ھیچ لایەکیشیان سکاڵای تۆمار نەکردووە.
عەبدولخالق تەڵعەت ئاماژەی بەوەش کرد، کە گەنجە عەرەبەکان ئازاد کراون و سەرپەرشتیاری ئەو گرووپەی ئەو دوو گەنجە لەگەڵی ھاتوون داوای لێبووردنی کردووە.
رۆژی چوارشەممە ١٤/٢/٢٠١٨، چەند گەنجێکی کورد و عەرەب لە باغی شار لە ھەولێر بەشەڕھاتن و دواتر پۆلیس شەڕەکەی راگرت و بارودۆخەکە ئاسایی بووەوە.
باسنيوز
