یەکێتی جارێکی دیکە بڕیاردانی لەبارەی وادەی ئەنجامدانی کۆنگرە دواخست

 یەکێتی جارێکی دیکە بڕیاردانی لەبارەی وادەی ئەنجامدانی کۆنگرە دواخست
جارێکی دیکە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەیتوانی بڕیار لەبارەی وادەی ئەنجامدانی کۆنگرەی حزبەکە بدات، بەڵکوو تەنیا وادەیەکیان پێشنیاز کردووە.

لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی، ڕايگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15/2/2018ی ھەردوو ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ناوەندیی یەکێتی، پێشنیاز کرا ڕۆژی 5/3/2018 بۆ بەستنی کۆنگرە دیاری بکرێت.

ئەوەشی نەشاردەوە کە بڕیار لەبارەی ئەو پێشنیازە نەدراو، بەڵکوو ”لە کۆبوونەوەی داهاتووی سەرکردایەتیی یەکێتیدا بڕیار لەسەر وادەی بەستنی کۆنگرە دەدرێ“.

ڕوونیشی کردەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە، بە مەبەستی بڕیاردان لەمبارەیەوە.

پێشتر فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕايگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندیی حزبەکەیدا بڕیار لەبارەی وادەی بەستنی کۆنگرە دەدرێت.

مەحموود سەنگاوی، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیش ئەوەی ئاشکراي کردبوو كه ڕەشبینە بەوەی لەم کۆبوونەوەیەدا وادەی ئەنجامدانی کۆنگرە دیاری بکرێت.










باسنيوز
Top