عادل نووری بۆ فوئاد مەعسووم: ئەگەر بۆ جارێکیش بووە دەسەڵاتی سەرۆک کۆماریت بەکار بهێنە
عادل نووری، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی بەغدا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پرسی بودجە خەریکە لەنێو پەرلەمانەوە بەو شێوەیە تێدەپەڕێت کە بە دڵی لایەنە شیعەکان بێت، ھەروەھا ھیچ یەکێک لەو داواکارییانەی کوردی تێدا جێبەجێ نەکراوە و سووکایەتی بە ئیرادەی کورد دەکرێت و پێویستە سەرۆک کۆماری عێراق کە کوردە و لەسەر پشکی کورد نەبوایە، نەدەبوو بە سەرۆک کۆمار، بێتە دەنگ".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە گوتیشی: "پێویستە سەرۆک کۆمار پێش ئەوەی بودجە لە پەرلەمان تێپەڕێت، داوای کۆبوونەوەیەکی ھەر سێ سەرۆکایەتییەکە بکات و نەھێڵت بەو شێوەیە بودجە تێپەڕێت".
ئەو پەرلەمانتارە ڕەخنەی ئەوەشی لە سەرۆکایەتیی کۆمار گرت: "تا ئێستا لەسەر ئەم پرسە و چەندین پرسی تر بێدەنگیی ھەڵبژاردوە کە جێگای نیگەرانییە، ھەر بۆیە دوای تێپەڕاندنی بودجە لە پەرلەمان، بەیاننامە سوودی نییە، ئەگەر ئێستا فریای نەکەوێت".
عادل نووری داوای ئەوەش لە سەرۆک کۆمار دەکات، "ئەگەر بۆ یەکجاریش بووە پێویستە وەکوو سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی خۆت بەکار بھێنێت و ڕێگری بکە و مەھێڵە لەوە زیاتر سووکایەتی بە کورد بکرێت و شکۆی بشکێت کە ئەمە ماف و پارە و قووتی خەڵکی کوردستانە، پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە، چونکە ئەمە دوایین ھەل و شەڕی کوردە لە بەغدا، ھەروەھا بۆ دکتۆر فواد مەعسووم وەکوو سەرۆکایەتیی کۆمار لە بەغدا لەم خولەی سەرۆکایەتیدا".
باسنیوز
