لەسەر بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەكێتی لە كەركووك ئاڵای كوردستان هێنرایە خوارەوە

 لەسەر بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەكێتی لە كەركووك ئاڵای كوردستان هێنرایە خوارەوە
دوای داگیركردنی شاری كەركووك لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە، جگە لە بارەگاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بارەگای زۆربەی حزبە كوردستانییەكان لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیر كران.

هاوكات بارەگاكانی یەكێتیش تەنیا ئاڵای عێراقیان لەسەر هەڵكراوە و لەسەر فەرمانی حەشدی شەعبی بۆیان هەیە تەنیا سێ پاسەوان لەناو بارەگاكانیان چەكیان پێ بێت.

ئێستا دوای نزیكەی چوار مانگ لە داگیركردنی كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، لەسەر باڵەخانەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە كەركووك، ئاڵای كوردستانیان هەڵكرد، بەڵام پاشان ئاڵاكەیان جارێكی تر هێنایە خوارەوە.

لەمباریەوە مەریوان حەكیم جەباری، شاعیر و رۆژنامەنووسی كەركووكی، ڕای گەیاند: "دوێنێ سێشەممە، لەسەر باڵەخانەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی لە كەركووك، ئاڵایەكی كوردستانیان هەڵكرد، بەڵام دوای یەك كاتژمێر لە هەڵكردنی، ئاڵاكەیان هێنایە خوارەوە، بەپێی زانیارییەكانم تەلەفۆن بۆ بەرپرسانی یەكێتیی كراوە لە كەركووك و پێیان ڕاگەیەندراوە كە دەبێت ئەو ئاڵایە بهێننە خوارەوە، پاشان ئاڵاكەیان هێناوەتە خوارەوە".

گوتیشی: "مانەوەی یەكێتیی لە كەركووك بەو شێوەی ئێستا ئابڕووچونێكی گەورەیە بۆ ئەو حزبە و بەرپرسەكانیان، ئێستاش كە ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكانیان نییە، بەڕاستی ئەمەش شەمەرمە".

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكرتێری گشتیی یەکێتیی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بوایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتیی وەک خیانەتکار سزا دەدا.









باسنيوز
Top