لە رۆژی ڤاڵانتایندا پێداویستی فریاگوزاریی تەندروستی پێشکەش بە عەلی عاشق کرا

لە رۆژی ڤاڵانتایندا پێداویستی فریاگوزاریی تەندروستی پێشکەش بە عەلی عاشق کرا
بەبۆنەی رۆژی خۆشەویستییەوە (ڤاڵانتاین)، پزیشک و کارمەندانی تەندروستی سۆران، شرینی، کەلوپەل و پێداویستی فریاگوزاریی تەندروستییان پێشکەش بە عەلی عاشق کرد.

مینا تەھا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سۆران، رايگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە 14/2/2018، کە بەڕۆژی ڤاڵانتاین دیاری کراوە، لەو رۆژەدا عاشقان دیاری و گوڵی سوور پێشکەش بە خۆشەویستەکانیان دەکەن، ئێمە لەبری ئەوە وەک پزیشک و ژمارەیەک لەکارمەندانمان، ھەستاین بە دابینکردنی برێک کەلوپەل و پێداویستی فریاگوزاریی تەندروستی و شرینی، گەیاندمانە دەستی عەلی عاشق، لە ماڵە تەنیاکەی خۆی لە گەلی عەلی بەگ".

بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سۆران، ئەوەشی خستە روو، کە جگەلە پێشەکەشکردنی ئەو پێداویستی و ھاوکارییانە، پشکنینی پزیشکی و تەندروستیشمان بۆ ئەنجام دا.

عەلی عەبدولڵا شێخ، ناسراو بە عەلی عاشق، خەڵکی گوندی سرێشمەی سەرەبە شارۆچکەی خەلیفانە لە سنووری شاری سۆران، ژیانی پڕە لە داخی عەشقێکی نەمر، ئەو پیاوێکی سوێند خواردووە کە لە تاوی بەدەستنەھێانی ئەو کچەی لە خەیاڵیدا بووە، روو لە شوێنێکی تەنیا دەکات و ژیانی تا ھەتایی ھەڵدەبژێرێت نزیکەی 70 ساڵە وێلی بەسەربردنی ژیانی تەنیاییە و لە گەلی عەلی بەگ پەناگەیەک بۆخۆی دروست دەکات تائێستا ژیانی لێی بەسەر دەبات.

بەپێی ناسنامەکەی عەلی عاشق، زیاتر لە 80 ساڵە گوندی سرێشمەی سەر بە شارۆچکەی خەلیفان لەدایک بووە، ئەگەرچی بەھۆی بەسەرچوونی تەمەنی زۆر یادەوەریەکانی لەبیر چووەتەوە، بەڵام دەوترێت لە تەمەنی لاوێتیدا ئەوینداری کچێک بووە، ھەرچەند ھەوڵی داوە بەو کچە شادبێت و بەدەستی بھێنێت، بەڵام بۆ بەیەکتر گەیشتن رێگریان لێکرا و نەیتوانیوە بەدەستی بھێنێت، بەمەش بڕیار دەدات ژیانی تەنیایی ھەڵبژێرێت و لەدوای عەشقەکەی ئەوینداری ھیچ کچێکی تر نەبێت، دواجار گوندەکە جێ دەھێڵێت و لە گەلی عەلی بەگ پەناگەیەک بۆخۆی دروست دەکات تائێستا ژیانی لێی بەسەر دەبات.












باسنيوز
Top