مامۆستایەکی زانکۆ: خەڵکی سلێمانی و هەموو کوردستان تێگەیشتن عەبادی راستگۆ نییە

 مامۆستایەکی زانکۆ: خەڵکی سلێمانی و هەموو کوردستان تێگەیشتن عەبادی راستگۆ نییە
مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، بۆ ھەموو لایەک دەرکەوتووە سەرۆک وەزـیرانی عێراق راستگۆ نییە لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان.



د. کەیوان ئازاد، مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی سلێمانی، ڕاگەیاند، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ”نەیاری کوردە، ھەمیشە ڕقی لە ھەرێمی کوردستان بووە و ئاواتی ئەوەبووە عێراقێکی شیعەگەرایی دروست بکات".



کەیوان ئازاد ھەروەھا رایگەیاند، پێشتر لە سلێمانی لەناو خۆپیشاندەرانەوە، حزبانەی پشتگیریی خۆپیشاندەرانیان دەکرد داوایان لە عەبادی دەکرد، مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت و دژایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان دەکرد و پشتگیریی عێراقیشیان دەکرد، کە تاکە مەبەست لێی ”لێدان بوو لە پارتی دیموکراتی کوردستان“.



ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کە بزووتنەوەی گۆڕان خاڵە لاوازەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بە عێراق دەناساند و جەماوەریان ھان دەدا تا خۆپیشاندان دژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن.



دوای رووداوەکانی خیانەتی ١٦ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، خۆپیشاندەران بە دەست لە پشتدانی گۆڕان و چەند لایەنێک، دروشمی (نەخێر کوردستان بەڵێ عەبادی)یان بەرز دەکردەوە.



کەیوان ئازاد جەختی لەوە کردەوە، کە ئێستا بۆ خەڵکی کوردستان دەرکەوتووە حەیدەر عەبادی دژی کوردە و ئێستاش دان بەوەدا دەنێن، عەبادی راستگۆ نەبووە لە بەڵێنەکانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان.



ھەروەک ئەو مامۆستایەی زانکۆ باسی کرد، نەک ھەر عەبادی، حزبە شیعییەکان بە گشتی و حزبی دەعوەی ئیسلامی بە تایبەت، ”ھیچ کاتێک ئامادە نەبوونە مافەکانی کورد بدەن و ریفراندۆممان بۆ سەربەخۆییش نەکردایە، ئەوەی کە ئێستا حکومەتی عێراق ھێناویەتی بەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەر دەیکرد، بەڵام پێویستە خەڵک زیاتر تێ بگات، بەتایبەت لە سنوری سلێمانی و کاتێک کە خەڵک گەیشتە ئەو قەناعەتەی عەبادی دەستی دەستیمان پێ دەکات و مووچە نانێرێت بەمەبەست وا دەکات بۆ ئەوەی خەڵک لە دژی حکوومەتەکەی خۆی توندبێت و ئینتیمایان بۆ ھیچ شتێک نەمێنێت، جگە لە پارە و ئەو قەناعەتە پێشتریش ھەبووە ئێستا دەیخەنەڕو و ڕەخنە لە عەبادی دەگرن".



رۆژی سێشەممە ١٣/٢/٢٠١٨، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، کە سەرۆک وەزیرانی عێراق بیانوو دەگرێت بۆ نەناردنی مووچە و خەڵکی پارێزگای سلێمانی نائومێد کردووە.



دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧، کە تێیدا زیاتر لە %٩٢ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.



باسنیوز
Top