ھەنگاوە کردارییەکانی لێژنەی وردبینی لە مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستی پێکرد
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە راگەیەندراوێکدا، ئەوەی خستووەتەڕوو، کە دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لێژنەی باڵای وردبینی مووچە لە بەغداوە سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد، ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتی (١٣/٢/٢٠١٨) لەلایەن لێژنەیەکی تایبەتەوە ھەنگاوە کردارییەکانی ئەو لێژنەیە بۆ وردبینی لە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستی پێکرد.
وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەشی روون کردووەتەوە، کە بەگەیشتنی وەفدی لێژنەی وردبینی حکوومەتی ئێراقی لە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توژینەوەی زانستی لەلایەن د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەرە گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی، ئەندامانی لێژنەی وردبینی مووچەی فەرمانبەران لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی وردەکاری کارەکان کرا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژەی بەوەش داوە، کە بەڕێوەبەرە گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی، ئامادەیی تەواوەتی وەزارەتەکەی بۆ سەرخستنی کارەکانیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوپات کردەوە.
جەختیش لەوە کراوەتەوە، کە دواتر لەلایەن لێژنەی تایبەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرجەم ئەو داتا و زانیاری و پێداویستییانەی کە داوایان کردبوو خرایە بەردەستی لێژنەی وردبینی حکوومەتی عێراقی، بەوەش کارە کردارییەکانی لێژنەکە لە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستی پێکرد.
ھاوکات، ھەر ئەمڕۆ ئەو لێژنەی وردبینییەی حکوومەتی عێراقی،
بەئامانجی وردبینیکردن لە لیست و موچە و میلاکاتی کارمەند و فەرمانبەرانی دەزگای گشتی کاروباری مینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کارەکانیان لە دەزگای گشتی کاروباری مین دەست پێکرد.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە 13/2/2018، نۆ لێژنەی وردبینی سەر بە حکوومەتی عێراقی، لە نۆ دامەزراوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وردبینییان کردووە.
باسنیوز
