لە سنووری گەرمیان باندێکی دزیکردن دەستگیر کران

لە سنووری گەرمیان باندێکی دزیکردن دەستگیر کران
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، دەستگیرکردنی باندێکی دزیکردنی لەسەر ڕێگای کەلار ـ شارەدێی سەرقەڵا ڕاگەیاند، کە ڕێگرییان لە ھاووڵاتییان کردووە و پارە و کەرەستەی دیکەیان لێ سەندوون.

ڕایدی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، ڕایگەیاند: "پاش کۆکردنەوەی زانیاریی ورد لەلایەن ھێزەکانمانەوە، کە ماوەیەکە لە ناوچەیەکی نزیک قەزای کفری لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ڕێگری لە ھاووڵاتییان دەکرێت و پارە و کەرەستەکانیان لێ دەدزن، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 11/2/2018، لەسەر ڕێگای کەلار ـ شارەدێی سەرقەڵای سەر بە قەزای کفری توانرا باندێکی دزیکردن دەستگیر بکرێت لەکاتی ڕێگریکردن لە ھاووڵاتییان".

باسی لەوەش کرد، کە دەست گیراوە بەسەر سەرجەم کەرەستەکانیشیاندا کە پێک ھاتوون لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان و ماتۆرسکیلێک و سێ چەکی جۆری کڵاشینکۆف.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش دا: "باندەکە لە چوار کەس پێک ھاتوون و دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی کفری و بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە".









باسنیوز
Top