ژمارەیەک چەکدار لە کەرکووک تەقە لە بارەگایەکی داگیرکراوی پارتی دەکەن

 ژمارەیەک چەکدار لە کەرکووک تەقە لە بارەگایەکی داگیرکراوی پارتی دەکەن
ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لە شاری کەرکووک، هێرش دەکەنە سەر بارەگایەکی داگیرکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئێستا لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە زیندانێکی نهێنی تێدا دروست کراوە.

عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای کەرکوک- گەرمیان ڕایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو بە گوللەی (ئاڕ پی جی) ھێرشیان کردووەتە سەر بارەگا داگیرکراوەکەی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک، بەڵام لەناو بارەگاکەدا ھیچ زیانێکی گیانی بەر کەس نەکەوتووە.

ئەوەشی ڕوون کردەوە، لە نزیک بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی، ھامەرێکی ھێزە عێراقییەکانی لێ بووە، کاتێک بە ئاڕاستەی بارەگاکە تەقە کراوە، گوللە (ئاڕ پی جی)یەکە بەر ئەو ھەمەرە کەوتووە و بەو ھۆیەشەوە دوو کەس بریندار بوون".

عەدنان کەرکووکی ئاماژەی بەوەش دا: "پاسەوانانی ئەو بارەگایە کە سەر بە هێزەکانی عێراقن، وەڵامی ئەو چەکدارانەیان داوەتەوە و بەرەو ئاسمان تەقەیان کردووە".

ڕوونیشی کردەوە: “دوای 16ی ئۆکتۆبەر، هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق بارەگاکەیان داگیر کرد، بەڵام دواتر مەعەن سەعدی وەک فەرماندەیەکی سەربازی بارەگاکەی کردووە بە شوێنی هێزەکەی خۆی”. گوتیشی: “زیندانێکی نهێنییان لە نێو ئەو بارەگایە دروست کردووە و خەڵکی تێیدا زیندانی کراون”.












باسنیوز
Top