لە كەركووك بە بیانووی بوونی تیرۆریست حەشدی شەعبی هەڵدەكوتێتە سەر ماڵێك
ئەمڕۆ سێشەممە 13/2/2018، ئازاد جەباری، سەرۆكی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕاگەیاند: شەوی دووشەممەی ڕابردوو، لە گەڕەكی دەروازەی شاری كەركووك كەسێك كە پیشەی پۆلیسە و کێشەی لەگەڵ دراوسێیەکی هەبووە، پاشان بە بیانووی ئەوەی كە لەو ماڵەدا تیرۆریست هەیە، چووە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فریاكەوتن و هێزە ئەمنییەكانی دیکەی عێراقی بردووەتە سەر ئەو ماڵە".
ئازاد جەباری ڕوونیشی كردەوە: "ئیتر تەقەكردن لە نێوان حەشدی شەعبی و كوڕی ئەو ماڵەی كە چووەنەتە سەریان، رووی داوە و تەقەكردنەكەش بۆ ماوەی نیو كاتژمێر بەردەوام بووە".
سەرۆكی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووک ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: " لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هیچ گۆڕانێك لە دۆخی ئەمنی كەركووك ڕووی نەداوە و پۆلیسی فیدرالی و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هەر یەكن و كاری ئەوان تەنیا جل گۆڕینە و هەر حەشدی شەعبین و هیچ لە دۆخەكە نەگۆڕاوە".
بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) حەشدی شەعبی لەسەر سكاڵای ئەو هاووڵاتییە بە بیانووی بوونی تیرۆریست لەو ماڵەدا بە شێوەیەكی دوور لە گیانی بەرپرسیارێتی هەڵدەكوتنە سەر ئەو ماڵە و پاشان تەقەیەكی زۆر لەو ماڵە دەكەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە ترس و دڵەڕاكێی لای دانیشتوانی گەڕەكی دەروازەی كەركووك دروست بێت".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكرتێری گشتیی یەکێتیی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بوایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتیی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنیوز
