سەرۆكی لیستی برایەتی: لەسەر دۆخی كەركووك عەبادی فشاری نێودەوڵەتیی لەسەرە

 سەرۆكی لیستی برایەتی: لەسەر دۆخی كەركووك عەبادی فشاری نێودەوڵەتیی لەسەرە
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕایدەگەیەنێت دۆخی ئەمنی و باودۆخی شارەكە دوای 16 ئۆكتۆبەر هەر بەرەو خراپی دەڕوات و بە نامە داوایان لە عەبادی و نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكایەتی كۆمار كردووە كە ئەو هێزانە دەرچن و دۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراونەتەوە.



محەمەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئەمڕۆ سێشەممە 2018/2/13 ڕاگەیاند: “دەسەڵاتدارانی بەغدا و خودی عەبادی دەیانەوێت ئەم دۆخەی كەركووك بەردەوام بێت، مەگەر تەنیا فشاری نێودەوڵەتی بتوانێ دۆخی كەركووك ئاسایی بكاتەوە".



سەرۆکی لیستی برایەتی گوتیشی: "پێشبینی ڕەوشی لەوە باشتر لە بەغدا ناكەین کە بەم نزیكانە بیانەوێت دۆخی كەركووك ئاسایی بكەنەوە بۆ مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاری دەهێنن، مەگەر ئەو فشارە نێودەوڵەتییانەی چەند ڕۆژێكە لە حكوومەتی عێراق دەكرێن".



محەمەد کەمال، ئەوەشی خستە ڕوو: "سەردانی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، هەروەها وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و بەرپرسانی بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكانیش هەوڵەكانیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و گەڕانەوەی سەرۆك و ئەندامانی نجومەنی پارێزگاكە دەستی پێكردووە و ئەمەش هیوایەكە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە".



دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو و داگیرکردنی شاری کەرکووک، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك و بەشێكی زۆر لە ئەندامانی بەهۆی بوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی نەگەڕاونەتەوە شارەكە و بە گوتەی ئەوان شارەكە حوكمی سەربازی بەڕێوەی دەبات و مەرجی گەڕانەوەشیان چوونەدەرەوەی ئەو هێزەیە كەلە شارەكە هەن و ئاسایی كردنەوەی دۆخی پارێزگاكەیە.




باسنیوز
Top