ئه‌شواق جاف: سێ پێشمه‌رگه‌ى لیواى 134 له‌ گرتووخانه‌یه‌كی به‌غدا ده‌ستبه‌سه‌ر كراون

ئه‌شواق جاف: سێ پێشمه‌رگه‌ى لیواى 134 له‌ گرتووخانه‌یه‌كی به‌غدا ده‌ستبه‌سه‌ر كراون

پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو سێ پێشمەرگەیەی بە تۆمەتی شەڕكردنیان هاوشانی گرووپی (ئاڵا سپییەكان) لە دژی هێزە ئەمنیەكانی عیراق دەستگیر كراوبوون، هێشتا لە ژیاندا ماون، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئەوان پێشمەرگەی لیوای 134ی هێزی پێشمەرگە بوون و هیچ پەیوەندیەكیان بەو گرووپەوە نیە.



ئەشواق جاف، ئەندامی لیژنه‌ى مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا كه‌ وێنه‌ى بۆ (باسنیوز) ناردووه‌، ڕایگەیاند: "دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەر بۆ بینی ئەو سێ پێشمه‌رگه‌، كە بە تۆمەتی ئەندام بوونیان لە گروپی ئاڵا سپیەكان دەستگیر كرابوون، ئەمڕۆ چوومه‌ گرتووخانەی فڕۆكەخانەی موسەنا لە بەغدا".


ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئەو پێشمەرگانە ناویان (ڕەحیم مەجید حارس، جێگری ئەفسەری خانەنشینە، نەریمان حسێن حەسەن لە لیوای 134ی فەوجی 3 لە بارەگای ئەو فەوجە دەوامی كردووە، كەریم وەهاب ئەحمەد لە لیوای 134 فەوجی 3 سریەی 2 دەوامی كردووە لە داقوق".


ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌، گوتیشی: "نەریمان حسێن، پێشتر لەگەڵ كەریم وەهاب ئەحمەد كێشەیان هەبووە، كە دراوسێ بوون، بۆیە لەكاتی ئەشكەنجەداندا كەریم ناوی ئەوی هێناوە، واتە نەریمان دوور و نزیك پەیوەندی بە كێشەكەوە نیە و هیچ شتێكی لەسەر نیە.


سەبارەت بە هۆكاری دەستگیركردنیان، ئەشواق جاف، گوتی: "ئەمانە گوایە پێشتر پێشمەرگە بوون و دواتر چوونەتە ڕیزەكانی گرووپی (ئاڵا سپییەكان) و دژی هێزە ئەمنیەكانی عیراق شەڕیان كردووە، بەڵام لە ڕاستیدا وانیە، چونكە ئەمانە بە بیانووی بوونی چەك لە ماڵەكانیان دەستگیركراون، كە گوایە لەگەڵ ئەو گرووپانە كاریان كردووە".


ئەشواق جاف گوتیشی: "بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو سێ پێشمەرگە، پێویستە دوو ڕێكار لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكەیانەوە بگیرێنە بەر، یەكەم دەركردنی نوسراوێك لە لیوای 134ی پێشمەرگەوە، كە ئەوانە پێشمەرگەن. دووەمیش، دەبێت ئەو لیوایە ژمارەی ئەو چەكانەی، كە میلاكی خۆی بووە پێشتر بینوسێت بۆ ئەوەی بەراورد بكرێت لەگەڵ ئەو چەكانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بەم شیوەیە كێشەكەیان چارەسەر دەكرێت".

bas news-
Top