پەرلەمانتارێکی یەکێتی: تائێستا حکوومەتی عێراق لەکردنەوەی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان جدی نییە
رێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "لێژنەیەک لە وەزیری ناوخۆ، گواستنەوە و گەیاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێکارەکانی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان پێکھات و لێژنەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق کۆبوونەوە و تاوتوێی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستانیان کرد، تائێستاش کۆتا ئەنجامی لێژنەکان ئاشکرا نەکراون".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەشی خستە روو، کە وا بڕیارە ئەو لێژنەیەی کە پێکھاتووە دەبێت سەرجەم کاروبارەکان رێکبخاتەوە، ئینجا بدرێت بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، چونکە لە ئەنجامدا تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراقە کە کردنەوەی فڕۆکەخانەکان بکاتەوە.
ئەوەشی روون کردەوە، کە بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بیەوێت فڕۆکەخانەکان بکاتەوە زۆر ئاسانە و لەئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان، پابەندە بە مەرجەکانی عێراق، دەشڵێت: "بەڵام ئەوەندەی بیزانم، چونکە ئێمە لە ھەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق زیاتر خۆی لە شەقامی عێراقی نزیک دەکاتەوە و کەمتر بایەخ بە ھەرێمی کوردستان دەدات".
رێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتیشی: "لە نەکردنەوەی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان، ھاووڵاتییان زیاتر زیانمەند دەبن لە ھاتوچۆکردن و لە قورسی رێگاکان کە تووشی دەبن، کەچی حکوومەتی عێراقیش تائێستا لە کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان جدی نییە".
لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان لە 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017، حکوومەتی عێراق ژمارەیەک بڕیاری لە دژی ھەرێمی کوردستان دەرکرد و یەکێک لە بڕیارەکانی داخستنی فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی بوو بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان.
(باسنیوز)
