کەرکووک.. لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە گەڕەکە کوردییەکان کەمترین کارەبایان پێ دەدرێت

 کەرکووک.. لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە گەڕەکە کوردییەکان کەمترین کارەبایان پێ دەدرێت
دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عیراقییەوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و کارەبای گەڕەکە کوردییەکانی ئەو شارە بەرەو خراپ دەڕوات.

جوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لەسەر پشکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند: "لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە، کارەبای نیشتمانی و ھەموو خزمەتگوزارییەکان لەکەرکووک زۆر خراپ بووە، ئەمەش بەھۆی ئەوەی ئیدارەی شارەکە لەدەستی کورد و ئەنجومەنی پارێزگا نەماوە".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەوەشی خستە روو، کە بەھۆی ئەوەی ئێستا عەرەبێک پارێزگاری شارەکەیە، کارەبا و خزمەتگوزاری ئەو گەڕەکانەی لەنەتەوەکەی خۆیەتی یان تورکمانن لە پێشترە، وەک لەکورد جیاوازی لەنێوانیان دەکات، لەکاتێکدا لەپێش 16ی ئۆکتۆبەر بەوشێوەیە نەبوو، بە یەکسانی دەدرا".

ئەوەشی روون کردەوە، کە پێشتر بەپارەی پترۆ دۆلار کارەبایان دەکڕی، بەڵام لەئێستا ئەوە نەماوە، ھۆکاری نەمانەکەشی ئەوەیە، کە پێشتر ئەنجومەن و ئیدارەی شارەکە، ڕێگەیان نەدەدا پارەی پترۆ دۆلار ھەمووی بۆ بەغدا بنێردرێت، بەڵام لەئێستا پارێزگاری ئێستا بەرژوەندی خەڵکی شارەکە لەبەرچاو ناگرێت ھەموو کارێکی بۆ ئەوەیە کەبەغدا و نەتەوەکەی خۆی ڕازی بکات.

جوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لەسەر پشکی یەکگرتووی ئیسلامی، گوتیشی: "ئەم دۆخەی ئێستا لە کەرکووک دەگوزەرێ، لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە بەرژەوەندی بەغدا، عەرەب وتورکمانەکانە، ھاووڵاتییانی کورد زەرەرمەندی یەکەمن و پێویستە کە سەردایەتیی کورد ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکات".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.









(باسنیوز)
Top