پەرلەمانی کوردستان: فراکسیۆنی یەکێتی سالار مەحموودی وەک نوێنەر دیار نەکردووە

 پەرلەمانی کوردستان: فراکسیۆنی یەکێتی سالار مەحموودی وەک نوێنەر دیار نەکردووە
ئەمڕۆ دووشەممە 12/2/2018، پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی رێگەنەدان بە پەرلەمانتارێکی یەکێتی، لەگەڵ شاندی پەرلەمان بچێتە رۆژئاوای کوردستان، روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.

پەرلەمانی کوردستان، لە روونکردنەوەکەیدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، ناوی سالار مەحموودی، نەداوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بەڵکو ناوێکی دیکەی داوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیکە بچێتە عەفرین.

لە روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەش ھاتووە: "سالار مەحموود، بەبێ ئەوەی داواکاریی پێشوەختی ھەبووبێ بۆ بەشداریکردن لە شاندەکە، لە رۆژی رۆیشتنی وەفدەکە بەبێ ئەوەی ئەندامی شاند بێت ویستوویەتی بچێتە عەفرین، بۆ ئەم حاڵەتەش سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ھەوڵی خۆیان داوە بۆ کارئاسانی، بەڵام بەھۆی ئەوەی تێپەڕاندنی سنوور رێکاری یاسایی خۆی ھەیە و رۆژی رۆیشتنی شاندەکەش رۆژی پشوو بووە نەدەتوانرا ناوی زیاد بکرێت بۆ شاندەکەی پەرلەمان".

دەقی روونکردنەوەکە:

سەبارەتی بە رێگەپێنەدانی پەرلەمانتار (سالار مەحموود)، بە رۆیشتنی لەگەڵ وەفدی پەرلەمانی کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان.

ئاماژە بەبڕیاری سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە (471/3/4) لە رۆژی (2018/2/8) لیژنەیەکی پەرلەمانی لە فراکسیۆنەکانی (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، ئازادی)، بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە ھەموو ئامادەکارییەکیان بۆ کرا، تا بەفەرمی سەردانی خۆرئاوای کوردستان و ناوچەی عەفرین بکەن، ھەر بۆیەش ناوی ئەندامانی لیژنە لەلایەن بەڕێز سەرۆکی فراکسیۆنەکان دیاریکراوە و بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێز (دلێر ماوەتی)، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ناوی پەرلەمانتار (عەباس فەتاح)ی وەک نوێنەری ئەو فراکسیۆنە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، لە ھەمان کاتیشدا دیوانی پەرلەمان رێکاری یاسایی خۆی گرتۆتەبەر بۆ کارئاسانی و رۆیشتنی وەفدەکە بەبێبەربەست، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە بەڕێز (سالار مەحموود)، بەبێئەوەی داواکاریی پێشوەختی ھەبووبێ بۆ بەشداریکردن لە وەفدەکە، لە رۆژی رۆیشتنی وەفدەکە بەبێئەوەی ئەندامی وەفد بێت ویستوویەتی بچێتە عەفرین، بۆ ئەم حاڵەتەش سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ھەوڵی خۆیان داوە بۆ کارئاسانی، بەڵام بەھۆی ئەوەی تێپەڕاندنی سنوور رێکاری یاسایی خۆی ھەیە و رۆژی رۆیشتنی وەفدەکەش رۆژی پشوو بووە نەدەتوانرا ناوی زیاد بکرێت بۆ وەفدەکەی پەرلەمان.

بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین ئەوەی روویداوە تەنھا ئەنجامنەدانی ئەو رێکارانە بووە کە دەبوایە بەڕێز (سالار مەحمود) پێوەی پابەند بێت بەم شێوەیەی خوارەوە:

1 – دیاریکردنی نوێنەری فراکسیۆنەکان بۆ وەفدی فەرمی تەنھا فراکسیۆن لێی بەرپرسیارە نەک سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دیوانی پەرلەمان.

2 – بۆ رۆیشتنی ئەندامی پەرلەمان بە وەفدی فەرمی پێویستیی بە مۆڵەتی فەرمی ھەیە.

3 – بۆ تێپەڕاندنی سنووری ھەرێمی کوردستان پێویستە رەزامەندیی فەرمی و یاسایی ھەبێت.

لە کۆتاییدا ھیوای سەرکەوتن بۆ وەفدی فەرمی پەرلەمانی کوردستان دەخوازین کە بەمەبەستی گەیاندنی پاڵپشتیی ھەرێمی کوردستان سەردانی ناوچەی عەفرین-یان کردووە و داواکاریشین زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ جێگەی شەڕ و ئاشوب بگرێتەوە و بەزووترین کات شەڕ کۆتایی پێبێت.



دیوانی پەرلەمانی کوردستان

2018/2/12









باسنيوز
Top