مەخموور.. حەشدی شەعبی بە جلی پۆلیسی فیدڕاڵییەوە بازگەی داناوە

 مەخموور.. حەشدی شەعبی بە جلی پۆلیسی فیدڕاڵییەوە بازگەی داناوە
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەجلی پۆلیسی فیدراڵییەوە، دۆخی شارۆچکەی مەخمووریان تێکداوە و سەرچاوەیەکیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، تەنانەت خەڵک لە ناو مەخموور ناتوانێت بە ئازادی ھاتوچۆ بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەخموور، کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 12/2/2018، ڕایگەیاند: "دۆخی مەخموور بەشێوەیەکی گشتی باش نییە و چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بە ناوی پۆلیسی فیدڕاڵی لە مەخمووردان، ئەوان لە ناوەندی شارۆچکەی مەخمووردا چەندین بازگەیان داناوە بۆ ئەزیەتدانی خەڵک، تەنانەت خەڵک بە ئازادی ناتوانێت ھاتوچۆ بکات و ھەروەھا خەڵک ناتوانێت گوزارشت لە بوونی خۆی بکات".

سەرچاوەکەی مەخموور، ئەوەشی خستە روو، کە جگە لە پارتی لایەنە سیاسییەکانی دیکە، بارەگایان لە مەخموور کردووەتەوە، بەڵام ئەوانیش وەک پێویست ناتوانن چالاکی سیاسی ئەنجام بدەن، تەنانەت ئەوان لە سەر بارەگاکانیان تەنیا ئاڵای عێراقیان ھەڵکردووە.

پێشتر (باسنیوز) بڵاوی کردەوە کە ژمارەیەک لە کادیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە مەخموور چاوساخی بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکەن و میلیشیاکان لە ناو مەخموور سێ ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دەستگیر کردووە.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک، مەخموور و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.












باسنیوز
Top