ئاراس خۆشناو: بەغدا نیەتی ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان نییە

 ئاراس خۆشناو: بەغدا نیەتی ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان نییە
بەرپرسی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، لەڕووی مەنتیقییەوە هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچە نەماوە، بەڵام بەغدا نیەتی ناردنی مووچەی بۆ هەرێمی کوردستان نییە و دەستی دەستی بە کورد دەکات.

ئاراس خۆشناو، ڕایگەیاند: "بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە لەڕووی مەنتیقییەوە هیچ بیانوویەک نەماوە، بەڵام تەنیا کات دەکوژن و دەستی دەستی دەکەن بۆ ناردنی مووچە، بە بەڕای من بەغدا نییەتی ناردنی مووچەی نییە، سەرەڕای ئەو پاڵەپەستۆیانەش کە هەیە ئەو هەر هەنجەت دەدۆزێتەوە".

هەر لەو بارەیەوە د. ڤیان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سەرەڕای ناردنی وردبینی سەرەتای بۆ بەغدا، ئیستا پرۆگرامێکی خێرامان بۆ دادەبەزێنن بۆ میلاکات، مێژوو و موباشەرە، هەروەها وێبسایتێکمان بۆ دەکەنەوە و ئیتر بەوەش هەر فەرمانبەرێک دەتوانێت ناوی خۆی تۆمار بکات، هەر بۆیە بەو ڕێگایەش بە یەک تا دوو ڕۆژ تەواوی دەکەین".

لەبەرەی ئەوەی ئایا کۆتایی وردبینییەکە نزیکە، ئەو بەڕێوەبەرەی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "نامەوێ ئەوە بڵێم، چونکە ئێستا هەموویان لە فەرمانگەکان، هەروەها جەماعەتی ئایتی لەم یەک دوو ڕۆژەدا سەردانی سلێمانی و دهۆک دەکەن، بۆ ئەوەی لە نزکەوە قسە لەگەڵ ئەوانیش بکەن".

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی وەزارەتی تەندروستی باس لەوەش دەکات: "لێژنەکە داوای بایۆمەتری هەموو وەزارەتەکانیان کردووە بۆ ئەوەی بەراوردکارییەک بکەن، هەر دوێنێ دووشەممە بەدەستیان گەیشتووە، هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانیش تەواوی زانیارییەکانیان بۆیان ناردووە"














باسنیوز
Top