کۆنگرەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێت دەست پێ دەکات
رۆژی دووشەممە 12/2/2018، کۆنگرەی دووبارە ئاوەردانکردنەوەی عێراق بە بەشداریی 70 وڵاتی کۆمەکبەخش دەست بە کارەکانی دەکات.
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەشداریی کۆنگرەکە دەکات و شاندەکەش لە چەند وەزیرێک و هەر سێ پارێزگارەکەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک پێک دێت.
بەستنی کۆنگرەیەک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ عێراق لەکاتێک دایە، کە ئەو وڵاتە یەکێکە لە وڵاتە بەرهەمهێنەکانی نەوت و لە رووی یەدەگی نەوتیشەوە لە وڵاتە پێشەنگەکانی جیهانە.
بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان، ریکس تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشداریی کۆنگرەکە دەکات، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک بە عێراق نابەخشێت، چونکە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکەی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا رایگەیاندبوو، کە ئیدی ئەمریکا وڵاتان دروست ناکاتەوە.
هەروەک میدیا عێراقییەکانیش باسی دەکەن، حکوومەتی عێراق چاوی لەوەیە لەو کۆنگرەیەدا، کە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، وڵاتە کۆمەکبەخشەکان 100 ملیار دۆلاری وەک هاوکاری، بۆ کۆ بکەنەوە.
پێشتر ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا داوای لە وڵاتە کۆمەکبەخشەکان کرد، ھاوکارییەکانیان بۆ عێراق بە پرۆژە بێت نەک بە پارە، چونکە ئەگەر پارە بدەنە عێراق، ئەوا بەشێکی زۆری لەلایەن ”بەرپرسە گەندەڵەکانەوە“ دەدزرێت.
کۆنگرەکە لەلایەن عێراق، کوێت، یەکێتیی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی دەکرێت و عێراق خوازیارە تێیدا ١٠٠ ملیار دۆلار وەک کۆمەکی نێودەوڵەتی بە دەست بھێنێت.
باسنیوز
