سەرکردەیەکی پێشووی کۆمەڵ: وازم لە ڕیزەکانی کۆمەڵ هێناوە و پەیوەندیم پێیەوە نەماوە
دکتۆر محەمەد سینەمۆکی، سەرکردەی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، ڕاگەیاند: وازم لە ڕیزەکانی کۆمەڵی ئیسلامی ھێناوە و ھیچ بەرپرسیاریەتییەکم لەو حزبەدا نەماوە، ئەو دەنگۆیانەشی کە باس لەو دەکەن چوومەتە ناو قەروارەیەکی سیاسیی نوێ، ھەمووی پڕوپاگەندە و دوورە لە ڕاستییەوە".
ئەو سەرکردەیەی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی، ئەوەشی خستە روو کە وازھێنانی لەناو ڕیزەکانی کۆمەڵی ئیسلامی، بۆ کۆنگرەی ئەو حزبە دەگەڕێتەوە و گوتی: “لە کۆنگرەدا خۆم بۆ ھیچ پۆستێک کاندید نەکرد، چونکە بەباشم زانی گەنجەکان بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش کاری سیاسی بکەن، چونکە ناکرێت کەسێک بۆ ماوەی 20 ساڵ ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی حزبێک بێت، باشترە بوار بە گەنجەکان بدەین بۆ ئەوەی گەنج بەشێوەیەکی بەرچاو بێنە پێشەوە و بەشداریی کایەی سیاسی بکەن".
ئاشکراشی کرد کە مۆدێلی ئەوە بەسەر چووە، حزب لەسەر بنچینەی ئیسلامی و عەلمانی دابمەزرێت، بەڵکو پێویستە حزب لەسەر بنچینەی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگە دابمەزرێت، ھەروەھا “پێویستە میکانیزم و شێوازی حزبایەتی گۆڕانکاری بەسەردا بێت، چونکە ئەو شێوازەی لە ڕابردوودا ھەبووە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە”.
د. محەمەد سینەمۆکی، سەکردەی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی، گوتیشی: عەلی باپیر، لە کۆنگرەی پیشوودا داوای لێکرا کە جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە، بەڵام بۆ کۆنگرەی داھاتووی کۆمەڵی ئیسلامی، پێم وایە مامۆستا عەلی باپیر خۆی کاندید ناکاتەوە".
جەختیشی لەوە کردەوە کە جیابوونەوەی بەشێک لە سەرکردە و لایەنگرەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و پەیوەندیکردنیان بە قەوارەکەی بەرھەم ساڵحەوە، “بۆ ئایندە کار دەکاتە سەر دەنگەکانی کۆمەڵی ئیسلامی”.
باسنیوز
