نووسەرێكی رۆژئاوای كوردستان: پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی رۆژ بەرۆژ پەنجەی پەشیمانی دەگەزن
لە وتارێكدا كە لە ماڵپەڕی "huffpostarabi"ی بەریتانیدا بە زمانی عەرەبی بەناوی "صنيع الهِرّ ولاهور"، بەواتای "پەروەردەی پشیلە و لاهور" بڵاوكراوەتەوە، باس لە خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەری باڵەكەی یەكێتی و لاهور جەنگی دەكات و دەڵێ رۆژ بەرۆژ پەنجەی پەشیمانی و زەلیلمەندی دەگەزن.
ماجید عارف محەمەد نووسەری كوردی رۆژئاوای كوردستان، كە وتارەكانی بە زمانی عەرەبی لە ماڵپەڕی "هاڤینگتۆن پۆست"دا بڵاودەكاتەوە، ئاماژەی بە لێدوانە جیاوازەكانی لاهور جەنگی داوە، كە بۆ هەر میدیایەك بە شێوەیەكی جیاواز و پێچەوانەی ئەوی تر دەدوێ، لێدوانێكی بۆ كەناڵی "ئافاق"ی عێراقی وەبیرهێناوەتەوە كە لەبارەی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەرەوە گوتوویەتی "لەگەڵ حەشد و حەیدەر عەبادی ڕێكەوتین بۆ وەدەرنانی پێشمەرگەكانی دەرەوەی حزبی یەكێتی لە كەركووك و رادەستكردنی شارەكە بە دەسەڵاتی بەغدا"، لاهور لە 10ی كانوونی یەكەم لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك دووپاتی لەسەر راستی ئەم لێدوانەی بۆ "ئافاق" كردەوە.
نووسەر لە دوای ئاماژەكردن بەم لێدوانەی سەرەوە، سەرسڕمانی خۆی دەردەبڕێ لەوەی لاهور جەنگی چۆن لە عێراق بەم زمانە دەدوێت و كەچی كاتێك بەشداری لە كۆنگرەی "مەنامە"دا كرد، بە زمانێكی زۆر جیاواز رەخنەی لە دێڤید پترایۆس جەنەراڵی خانەنشینی ئەمریكی گرت، كە بۆچی ئەمریكا ڕێگەی داوە جێدەستی ئێران بەسەر عێراقدا زاڵ بێت و میلیشیاكانی حەشدی شیعی سەر بە ئێران، بە هاوكاری هەواڵگری ئێران و بە سواری تانكی ئەمریكی هێرش بكەنە سەر كەركووك.
ماجید عارف بەراوردی دووڕوویی كەسایەتی و پێچەوانەیی هەڵوێستەكانی لاهور دەكات و دەڵێ "ئەو وەكو پشیلەیەكی باریكەلە هەڵبەز و دابەز لەمبەر بۆ ئەمبەر دەكات، بەڵام ئەگەر لە حالی دەروونی بكۆڵیەوە، دەزانی كە لە سەرەتاوە بۆ رادەستكردنی كەركووك و داگیركردنی، خەڵەتاندوویانە".
نووسەر درێژە دەداتە باسی گفتوگۆی لاهور و پترایۆس، كە ئەوەی لێ هەڵچنیوە لاهور تاڵەبانی لای پترایۆس گلەیی لەوە كردووە كە لە دوای فرۆشتنی كەركووكدا، قاسم سلێمانی و حەیدەر عەبادی نرخەكەیان نەداوەتێ و پەیمانیان شكاندووە.
لە وتارەكەدا پاڤڵ تاڵەبانی وەكو براگەورەی خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر وەسف كراوە و نووسەر دەڵێ "ئەوەی جەماعەتی پاڤڵ تاڵەبانی بەگشتی ئەنجامیان دا و ئەو بێهیواییەی لە لاهور جەنگی بەشێوەیەكی تایبەت بەدی دەكرێ، كە زەلیلمەندی سەرەكی خیانەتەكەیە، ئەوە دەردەخا كە رۆژ بەرۆژ پەنجەی پەشیمانی دەگەزن، بەرانبەر ئەوەی بەسەر برایەكانی خۆیان هێنا".
ماجید عارف نووسیویەتی "راستیەكەی، ئەم رووداوە بۆ ئەنجامدەرانی خیانەتەكە زۆر بەئازارە، كە یارمەتی حەشدی تائیفیان دا شاری كەركووك داگیر بكەن، بەڵام ئەم رووداوە لەبەر چاوی خەڵكی كوردستان هێندە نامۆ نیە، بەتایبەتی كە شێخ جەنگی باوكی لاهور و مامەكانی لاهور خاوەنی چیڕۆكی هاوشێوە و هەمان كەلەپوورن، بەم شێوەیە پاڵەوانی ئەم چیڕۆكە نوێیە، پشیلەی كوڕی پشیلەیەكی ترە، كە لە رووی رەوشتەوە زۆریان بەین نەبوو لەچاو ئەوەی لاهور بەسەر خەڵكی كوردستانیدا هێنا".
نووسەر لە كۆتایی وتارەكەیدا، چیڕۆكێكی داستانئامێزی كۆن دەگێڕێتەوە و دەنووسێ "هەبوو نەبوو پیرەپشیلەیەك هەبوو، زۆربڵێیەكی كاڵفام و ئیشنەكەرێكی زۆرخۆر بوو، بەم هۆیەوە كۆمەڵەی پشیلان لەنێوخۆیاندا وەدەری دەنێن، پشیلەی كاڵفامیش لەبری ئەوەی لۆمەی خۆی بكات و هەڵەكانی راست بكاتەوە، بیر دەكاتەوە تۆڵە لە پشیلەكانی تر بكاتەوە، بۆیە پەنا دەباتە بەر رەوە سەگێكی بەڕەڵا و پێیان دەڵێ وەرن وەرن، ئەمن شوێنی خۆشاردنەوەی كۆمەڵی پشیلانتان پێشان دەدەم، بەو مەرجەی دوایێ بمكەن بە سەرداری ئەوان، بەم شێوەیە پشیلەی كاڵفام بۆ لەنێوبردنی كەسوكاری خۆی، پەنا بۆ دوژمن دەبات".
چیڕۆك بەمە كۆتایی نایەت و نووسەر ئەوها درێژە دەداتێ "بەم شێوەیەی پیرەپشیلە ڕێی پێشانی سەگان دا، رەوە سەگ تەكبیر دەكەن كۆوەبن و هێرشی خۆ بۆ سەر حەشارگەی پشیلان ئەنجام بدەن، پشیلەی كاڵفام دەبێتە ڕێنیشاندەر و وەپێشیان دەكەوێ، وەسەریاندا دەدەن و حەشارگەی پشیلان وێران دەكەن، پشیلەی كاڵفام لەخۆشیان كلكی دەلەقێنێ و لاف بە سەركەوتنی رەوەی سەگان بەسەر كۆمەڵی پشیلان لێدەدات، سوپاسی سەگان دەكات كە یارمەتیان داوە و گەڕاندوویانەتەوە شوێنی خۆی، بەڵام گەورەی سەگان دەمكوتی دەكات و پێی دەڵێ هەی كاڵفام، لە شوێنێكدا پشیلە وەدەریان نابیت، چۆن سەگ لێدەگەڕێ تیایدا بمێنیەوە....؟ ڕەوەسەگ پێی دەڵێن ئەگەر خەڵكی خۆت خێرێكیان لێ دیبای، وەدەریان نەدەنای، ئەگەر تۆش كەسێكی وەفادار بویتایە، جێ و مەكانی كەسوكاری خۆت رادەست نەدەكردین، ئەگەر كەسێكی بەهێزیش بویتانە، پەنات بۆ ئێمە نەدەهێنا و نەدەپاڕایتەوە بۆ ئەوەی ئێمە مافت لەنێو گەلی خۆت بستێنین، بۆیە ئێمە چ كارمان بەتۆی پشیلەی خیانەتكار نیە".
bas news-
