شێخ جەعفەر: ئەگەر ڕێگری لە تەعریب نەکرێ دەگاتە کەلاریش
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دۆخی ئەمنیی سنووری خانەقین تێک چووە، بە جۆرێک پێش دوو ڕۆژ لە نێو شاری خانەقین تەقە لە خەڵکی کرا و لە ناو چایخانەیەک، بەو ھۆیەوە حەوت کەس شەھید بوون و دووی دیکەش بریندار بوون و جگە لەوەش، پرۆسەی تەعریب بە بەردەوامی دەکرێت و موڵک و ماڵی کوردەکان داگیر دەکرێت و عەرەبی بۆ ھاوردە دەکرێت.
بەرپرسی لقی١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دۆخی خانەقین لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ناجێگیرە و ھێزێکی عێراقی لێ بووە و کوردیش ھیچ دەسەڵاتێکی نەبووە، بەڵام لە دوای ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە چایخانەیەک تەقە لە خەڵکی کرا و حەوت کەس شەھید بوون و دووی دیکە بریندار بوون، لە دوێنێوە ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس چوونەتەوە ناو شار و ئەمڕۆ تا ناو دوومان، کە دەکەوێتە نێوان خانەقین و جەلەولا ڕۆیشتوون، ئەمەش جۆرێکە لە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی ھێزەکانی ئاسایش ناو شار بپارێزن."
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا گوتی: "جگە لەوە، ھێزێکی دیکەی پێشمەرگەش ئەمڕۆ ھاتوون بۆ خانەقین، چونکە پێش دوو ڕۆژ مەلا بەختیار سەردانی خانەقینی کردبوو، بەڵام خەڵک بەگشتی گلەیی زۆری ھەیە لە تێکچوونی دۆخەکە و ڕەخنەش زیاتر ڕووبەرووی یەکێتی دەبنەوە، نەک تەنھا کورد، بەڵکو عەرەبەکانیش باس لەوە دەکەن بۆ ئەو دۆخەیان تێک دا و ئەوان لە سایەی ھێزی پێشمەرگە پارێزراو بوون."
بەرپرسی لقی١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ڕوونیشی کردەوە: "بارەگای حیزبە کوردییەکان ھەر ماون لە خانەقین، بەڵام پارتی بارەگای نەماوە و ئامادەش نین جارێ بگەرێینەوە بۆ ئەو شارە، کە ھەموو ڕۆژێک دوو حەشدی شەعبی بێنە پێش بارەگای ئێمە، بۆیە ئێمە نامانەوێت بە زەلیلی بگەڕێینەوە بۆ ئەو شارە، دەمانەوێت بە شێوەیەک بگەڕێینەوە کە کورد دەسەڵاتی ھەبێت و پێشمەرگە لە ناوچەکەدا ھەبێت."
سەبارەت بەتەعریبکردن، شێخ مستەفا گوتی: "تەعریبکردن بەردەوامە و عەرەبەکان جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە و زەویی کوردەکان داگیر دەکەن، بۆیە گەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، تەعریب دەگات بە کەلاریش، چونکە ئەوەی توانای ھەیە دەگەڕێتەوە و سەرەتاش داوای خانووی ھاووڵاتیانیان دەکرد، تەنانەت داوای بارەگای مەڵبەندی یەکێتیشیان دەکرد، بۆیە پرۆسەکە بە ھەموو شێوەیەک بەردەوامە و ئەگەر ڕێگری لێ نەکرێت، ناوەستێت."
ئەو بەرپرسەی پارتی ڕاشیگەیاند: "باشترین شت، کە ئێستا کورد بیکات یەکڕییزیە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، چونکە دەرفەتێک ماوە بۆ کورد، بۆیە من بە شەرمی دەزانم بۆ کورسی سەد جار سازش بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن، بەڵام ڕازی نین بە لیستێک بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا بکەن بۆ ئەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە."
kdp-
