خەڵكی سلێمانی: بەغدا نیەتی باش نییه و نیگەرانین لە هەوڵەكانی عەبادی
خەڵكی شاری سلێمانی، نیگەرانن لە هەوڵەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كەمكردنەوەی پشكی كورد لە بوودجەی گشتیی عێراق، حەفتەی رابردووش لە دژی عەبادی خەڵك لە شاری سلێمانی ڕژانە سەر شەقامەكان و دروشمیان لە دژ دەگوتەوە، مامۆستا جەلال محەممەد، یەكێك لە بەشداربووانی خۆپێشاندانی سلێمانی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "من یەكێك بووم لە بەشداربووانی خۆپێشاندانی سلێمانی لە دژی عەبادی، یەكەم جارە ئاڕاستەی نیگەرانیی خەڵك لەم شارە ڕوو لە بەغدا بێت، پێشتر بەرپرسیارەتیی ئەم دۆخەمان خستە ئەستۆی حكوومەتی هەرێم، بەڵام دیارە بەغدا نیەتی باش نییە و نایەوێت قوتی خەڵكی كوردستان بدات، بۆیە هەر ڕۆژە و بە بیانوویەك خۆی لە گفتوگۆ دەدزێتەوە و، سەرئەنجام ئێستا خەڵكی شاری سلێمانی لە عەبادی و حكوومەتی عێراق تووڕەن".
ئەندامانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەردەوامن لە گوشارخستنەسەر لایەنەكانی عێراق بۆ ئەوەی پشكی بوودجەی كوردستان كەم بكرێتەوە، لایەنە كوردستانییەكانیش سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت بوودجەی كوردستان كەم نەكرێتەوە، چونكە بەپێی دەستووری عێراق پشكی هەرێمی كوردستان دیاری كراوە.
سەمیرە حەمە عەلی، كە مامۆستایەكی ناڕازییە لە شاری سلێمانی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "بەغدا بەرپرسیارە لە برسیكردنی خەڵكی كوردستان، بۆیە ڕووی ناڕەزاییەكانی خۆپێشاندەران لە حكوومەتی عێراق و حەیدەر عەبادییە، چونكە دەیەوێت كات بەفیڕۆ بدات و بوودجەی كوردستان نەدات".
ئەو مامۆستایە گوتیشی، "بەشێك لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا، بەداخەوە بوونەتە گوتەبێژی عەبادی و خەریكن كار بۆ ئەوە دەكەن كە سیاسەتی هەڵەی عەبادی دەشارنەوە، بۆیە تا دێت دەنگی ناڕازی لە دژی عەبادی زیاتر دەبێت و، رەنگە لە داهاتوویشدا خۆپێشاندانی گەورە لە دژی حكوومەتی عێراق بكرێت".
لە دوالێدوانیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن، عەبادی ئاماژەی بهوه كرد كه ئەوان پابەندن بە ناردنی بوودجەی كوردستانەوە، بەڵام تا ئێستا رەخنە لەسەر عەبادی هەیە بەوەی تەنیا لە رێگای راگەیاندنەكانەوە بەڵێن دەدات و بە پڕاكتیكی هیچ هەنگاوێكی نییە. ئیسلام حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، "بەغدا بە هەر جۆرێك بووە دەیەوێت پشكی كوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق كەم بكاتەوە، لە كاتێكدا عەبادی نیەتی ئەوەیە كە پشكی كورد لە ١٧٪ـەوە كەم بكاتەوە بۆ ١٢٪، چونكە ئەوەی دیاری كراوە رێككەوتن بووە لە نێوان ئەیاد عەلاوی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئێمە پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەین كە دەبێت ئەو رێژەیە كەم نەكرێتەوە، بەڵام دیارە عەبادی نیەتی ئەوەیی هەیە كە ١٧٪ـەكەی بوودجەی كوردستان نەدات".
حوسێن هەروەها ئەوەیشی خستە روو، عەبادی لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردندا، دەیەوێت گوشار لەسەر كوردستان دابنێت تا لە بەغدا دەنگی پێ وەربگرێت، كە ئەمەیش پێچەوانەی پرەنسیپی سازان و پێكەوەژیانی سیاسییە لە عێراقدا.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "دیار نییە لە داهاتووی عێراقدا چ بڕیارێك دەدەین، بەڵام ئەوەی بەغدا دەیكات، كارێكی خراپە".
kdp-
