ئەشواق جاف: لە هەر حاڵەتێکدا ڕێگری خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاسای بوودجە دەكەین
ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "كاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ كردووە، هەرچەندە لە كارنامەكەدا ناوی پرۆژە یاسای بودجە نەهاتووە، بەڵام ئێمە هەواڵمان پێگەیشت كە لێژنەی دارایی پەرلەمان بەنیازن بوون كە پرۆژە یاسای بودجەش داخل بكەن، بۆیە ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان پلانمان ئەوە بووە كە ڕێژەی یاسای تەواو نەكەین".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەگەر بێت و لە حاڵەتێكدا ڕێژەی یاساییش تەواو ببێت، ئەوا دەچینە ژوورەوە و ناهێڵین خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای بودجە بكرێت".
پەرلەمانتارەكەی پارتی دەشڵێت: "ڕووی حكوومەتی عێراق لە 16ی ئۆكتۆبەر و ڕووداوەكانی دوای ئەو كاتەوە لە كەركووك و خورماتوو بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەركەوتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یووئێن بەرامبەر ئەو پێشێلكارییانەی كە كراون هەڵوێستیان بە گوێرەی پێویست نەبووە، بۆیە ئێمەش وەك كورد دەمانەوێت پەیامێك بۆ بانكی نێودەوڵەتی بنێرین كە عێراق یارمەتیی هەرێمی كوردستان ناکات، بۆیە لەو حاڵەتەشدا ئەوا بانكی نێودەوڵەتی یارمەتیی عێراق بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانكراوەكانی ناکات".
پێشتر حكوومەتی عێراق پرۆژە یاسای بوودجەی 2018ی بۆ پەرلەمانی عێراق ناد كە تێیدا پشكی هەرێمی كوردستان لە 17%وە بۆ 12.6%ی كەم كردەوە، بەو هۆیەشەوە فراكیسۆنە كوردستانییەكان تێبینی و ڕەخنەیان لەبارەی پرۆژەكەوە ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد، بەڵام بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو تێبینیانە حكوومەت پرۆژە یاساكەی بۆ جاری دووەم ئاراستەی پەرلەمان كردەوە و لە پەرلەمانیشدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەكە كراوە.
(باسنیوز)
