بەرپرسێکی یەکێتی: بەھۆی 16ی ئۆکتۆبەرەوە پەیوەندیم بە قەوارەکەی بەرھەم ساڵحەوە کردووە
حەسەن بارام، جێگری پێشووی لێپرسراوی مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: شانازی بە مێژووی یەکێتی و شەھیدەکانییەوە دەکەم، بەڵام بەھۆی بێدەنگیی یەکێتی لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و لادانی ئەو حزبە لەو بنەما و ئامانجانەی کە کاری لەسەر دەکرد، بە پێویستم زانی واز لەو حزبە بھێنم".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی، جەختی لەوەش کردەوە، پێشتر یەکێتی ”حزبێکی تۆکمە بوو“، بەڵام ئێستا بەھۆی کێشە ناوخۆییەکانییەوە دەناڵێنێت، ئەمانەش کاری کردووەتە سەر ئەوەی دوای 26 ساڵ کارکردنی لەنێو یەکێتیدا، دەست لەکار بکێشێتەوە و چیتر نەتوانێت لەناو ئەو حزبەدا کاری سیاسی بکات.
ئاشکراشی کرد کە بۆ درێژەدان بەکاری سیاسی، پەیوەندی بە قەوارەکەی بەرھەم ساڵحەوە کردووە و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەیوەرییە.
حەسەن بارام، جێگری پێشووی لێپرسراوی مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەکێتی، بۆ (باسنیوز) نەیشاردەوە کە ئەگەر قەوارەکەی بەرهەم ساڵحیش نەتوانێت کار لەسەر ئامانجەکانی گەلی کوردستان بکات، ”ناتوانم لەگەڵ ئەوانیش بەردەوام بم، چونکە بۆ من شتێک ھەیە لە حزب گەورەترە، ئەویش پرسی خاک و نیشتمانە".
باسنیوز
