نەوت نرخێکی نزمی تۆمار کرد

نەوت نرخێکی نزمی تۆمار کرد


نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کرد.



پێگەی (oilprice)ی جیهانی بڵاوی کردەوە، دوێنێ هەینی 2018/2/9، لە کاتی داخستنی بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 62 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 59 دۆلار 20 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.


لە مانگی ڕابردوو، نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاست لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەک نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بەربەستی 70 دۆلار تێپەڕاند، بەڵام لە هەفتەی ڕابردووەوە بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی نەوتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە.


سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ئەندامانی رێکخراوی ئۆپیک و وڵاتانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تاکو کۆتایی ساڵی 2018، کە ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ بەرز بوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

bas news-
Top