نەسرەددین ئیبراهیم: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست كارەساتی عەفریندا بێدەنگە
نەسرەددین ئیبراهیم، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانى گوت، "ئێستا رەوشی عەفرین زۆر ناخۆشە، بە تایبەت ناوچەكانی سەر سنوور، بە داخەوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش، لە ئاست كارەساتی عەفریندا بێدەنگە و، ئەمەیش بووەتە مایەی دڵگرانیمان".
بەپێی داتاكانی مانگی سوور، لە كانتۆنی عەفرین تا ئێستا ١٩٦ كەسی سڤیل كوژروان و ٤٠٠ كەسی دیكەیش بریندارن، ئەمە جگە لە كوژرانی شەڕڤانان.
زیاتر له٢٠ رۆژیش بەسەر بۆردوومانكردنی عەفرین لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیادا تێپەڕی و، بەرپرسە باڵاكانی توركیایش جەخت لە چوونی سوپا بۆ نێو شاری عەفرین دەكەنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو شارە دەورە دراوە و نەیانتوانیوە بگەنە نێو شار.
سكرتێری گشتیی پارتی دیموكراتی كورد- سووریا (ئەلپارتی) دەشڵێت، "ئێستا شاری عەفرین پێویستی بە هەموو دنیا هەیە بە هانایەوە بێت، لە كاتێكیشدا كە ئێمە بە فەرمی نامەمان گەیاندووەتە رووسیا و ئەمەریكا و چەندین وڵاتی ئەورووپایی كە ئەم جەنگە بوەستێنن، بەڵام هەموو بێدەنگییان بەرانبەر كارەساتی عەفرین هەڵبژاردووە".
دەربارەی چوونی شاندێكی پەرلەمانی كوردستانیش بۆ عەفرین، گوتی كە هاتنی شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بۆ شاری عەفرین، هەنگاوێكی پیرۆز و نیشتمانی و نەتەوەییانەیە و، ئەمەیش پشتگیرییەكی تەواوە بۆ رۆژئاوای كوردستان.
عەفرین شارێكە لە هەردوو لای، واتە لەوسەری باكووری رۆژئاوا رووباری فووراتی پێدا تێدەپەڕێت، لە لای رۆژهەڵاتییەوە شاری ئەعزاز و باشووری شاری حەلەب و ئیدلیب هەیە، هەروەها لە باكوور و رۆژئاوایشی، سنووری لەگەڵ توركیایە.
رووبەرەكەی عەفرین 3 هەزار و 850 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، كە دەكاتە 2%ـی تەواوی خاكی سووریا. لە عەفرین 350 گوند و شار و شارۆچكەی گەورە هەن، گرینگترینیان عەفرین خۆیەتی كە ناوەندی شارەكەیە، دواتریش جندریسە، بلبلە، شیە و راجۆن.
kdp-
