بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو: بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە میلیشیاكان سووكایەتی بە پیرۆزییەكانمان دەكەن
ئەمڕۆ شەممە 10/2/2018، كاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ڕایگەیاند: "لە ئەنجامی خیانەتی گرووپی 16ی ئۆكتۆبەری ناو یەكێتی كە خورماتوویان ڕادەستی حەشدی شەعبی كرد، دۆخی ئەمنیی خورماتوو لە سایەی ئەو میلیشیانەوە خراپە و دوای ئۆپەراسیۆنی میلیشیاكان بۆ سەر ناوچەی داودە، ئێستا ئەو میلیشیایانە لە گوندی (غەرە) كە دەكەوێتە نێوان خورماتوو و كفرییەوە ماونەتەوە".
هاوكات بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "میلیشیاكان سووكایەتی بە وێنەی شەهیدان و ئاڵای كوردستان و هونەرمەندەكانمان و سەرجەم پیرۆزییەكانی كورد دەكەن".
بەپێی زانیارییەكان لە گوندی (قەڵخانلوو)ی كوردنشینی سەر بە شاری خورماتوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، وێنەی ژمارەیەك شەهیدی پێشمەرگە كە بە فلێكس لە سەر دیوارێك دانرابوو، وێنەكانیان دڕاندووە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بوایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنیوز
